ئه‌یلوول 24, 2020 22:45 Asia/Tehran
  • لاڤرۆف؛ مۆسکۆ شوێنی داخوازیی ئەمریکا بۆ پچڕاندنی ھاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران ناکەوێت

وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند: وڵاتەکەی شوێنی داخوازیی ئەمریکا بۆ پچڕاندنی ھاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران ناکەوێت.

«سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا ڕۆژی پێنج شەممە دوای دیداری لەگەڵ «موحەممەد جەواد زەریف» وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشداریی پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەشی بە ئانادە بوونی پەیامێران کردو ڕایگەیاند: مۆسکۆو تاران بە نیازن بە پێچەوانەی بایکۆتەکانی ئەمریکا ھاوکاریی بازرگانیی نێوانیان پەرە پێ بدەن.

ناوبراو وتیشی: ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ کاراکردنەوەی بایکۆتەکانی ئەنجومەنی ئاسایشت دژی ئێران ھیچ ئەنجامێکی نابێت.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی کرد: مۆسکۆو تاران ھەوڵەکانی ئەمریکا بۆ داسەپاندنی بایکۆتی بێ بڕانەوەی چەکەمەنی دژی ئێرانیش لێبڕاوانە ڕەت دەکەنەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پرێس کۆنفرانسەکەدا وێڕای ئاماژە کردن بە شکست ھێنانی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوەکان وتی: داخوازیی ئەمریکا لە مەڕ گەڕاندنەوەی بڕیارنامەکانی پێشوو دژی ئێران لەگەڵ دژایەتیی کۆمەڵگای جیھانی دا بەرەوڕوو بووەتەوەو ئەمەش گەورەترین ھەرەس ھێنانە بۆ ئەمریکا.

زەریف ھیواداریی دەربڕیکە، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ کە ڕووسیا سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی ئاسایشت بە ئەستۆ دەگرێت، بە بەرپەرچ دانەوەی جوڵانەوە نایاساییەکانی ئەمریکا جێ و شوێنی ئەنجومەنی ئاسایشت بپارێزێت.

سەرپەیڤ