نیسان 21, 2017 16:39 Asia/Tehran
  • هێرشی هێزەکانی حەشدی شەعبیی ئێراق بۆسەر مۆڵگەکانی داعش لە کەرکوک

یەکەی تۆپخانەی هێزی حەشدی شەعبیی ئێراق، مۆڵگەکانی گرووپی ڕەشەکوژی داعش لەناوچەی حەویجە لەپارێزگای کەرکوکی تۆپباران کرد.

بەپێی ڕاپۆری کەناڵی ئەلعالەم، لە ئۆپراسیۆنی ئەمڕۆ هەینی هێزی حەشدی شەعبیی ئێراق لەناوچەی حەویجە لەپارێزگای کەرکوک، ژمارێک لە تیرۆریستان کوژران و ئۆتۆمبیلێکی سەربازی ئەوانیش لەناوبردرا.

هاوکات هێزەکانی پۆلیسی ئێراق کچێکی یانزە ساڵانی ئێزدی لەکەرتی ڕۆژاوای موسڵ لەدەست داعشیان ڕزگار کرد.

بەپێی هەواڵێکی دیکە، سەربازانی ئەو وڵاتە هەوڵی تیرۆریستانی تەکفیری بۆ دزەکردنە نێو باشووری شاری ڕۆمادی هەڵکەوتوو لە پارێزگای ئەنباریان بێ ئاکام کرد. لەو ئۆپراسیۆنەدا شەش تیرۆریستی تەکفیری کوژران.

لەهەمان کاتدا، عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵا فەرماندەری ئۆپراسیۆنی نەینەوا ڕایگەیاند: هێزە ئێراقییەکان گەڕەکی نەسر و سەوڕە لە لایەنی ڕاستی موسڵیان لەچنگ تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرد.

تائێستا نزیک بە سەتی ٨٠ی کەرتی ڕۆژاوای شاری موسڵ بەدەست هێزە ئێراقییەکان ڕزگار کراوەو تەنیا بڕێک ناوچە لەوان تەل عەفەر لەڕۆژاوا، حەزەر لەباشوور و بۆعاج لەنزیک سنوورەکانی سوریا لەدەست داگیرکەرانی تیرۆریستی داعش دان.