ته‌مووز 18, 2017 08:38 Asia/Tehran
  • کوژرانی ١٨ داعشی لە تەلعەفەر

پەلاماری ئاسمانیی سوپای ئێراق بۆ سەر مۆڵگە و حەشارگەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە شاری تەلعەفەر هەڵکەوتوو لە ڕۆژاوای موسڵ بووە هۆی کوژرانی ١٨ ئەندامی گرووپی تیرۆریستیی داعش و تیاچوونی ژمارێک لە ئۆتۆمبیلەکانیان.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی فارس؛ ناوەندی فەرماندەرێتیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای ئێراق شەوی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، جگە لە کوژرانی ١٨ کەس لە تیرۆریستانی داعش و تیاچوونی پێنج ئۆتۆمبیلی ئەم گرووپە تیرۆریستییە، کارگەیەکی بەرهەم هێنەری مادەی تەقەمەنی و چەن بنکەی سەرەکیی پێوەندییەکانی داعش لە گەڕەکی قادسییەیش بە تەواوەتی خاپوور کراون.

دوابەدوای ڕاگەیەندرانی ڕزگار کردنی موسڵی ناوەندی پارێزگەی نەیەنوا لە ١٠ ژولایدا، "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق رایگەیاند کە بەم زوانە ئۆپەراسیۆنی رزگار کردنی شاری تەلعەفەر لە پارێزگەی نەینەوا و حەویجە لە باشووری پارێزگەی کەرکووکیش دەست پێ دەبێ.

گرووپی تیرۆریستیی داعش ساڵی ٢٠١٤ بە داکۆکیی دراوی و لۆجستیکیی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە لەوان عەرەبستان و تورکیا بە پەلاماردانی ئێراق، دەستی گرت بە سەر بەشێکی بەربڵاو لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆاژوای ئەم وڵاتەدا و جەنایەتێکی بێ هەژماری لەو ناوچانەی بن کۆنترۆڵی خۆی ئەنجام دا. لەو کاتەوە تا ئێستا سوپای ئێراق بە پشتیوانی هێزەکانی حەشدی شەعبیی ئەم وڵاتە و یارمەتی راوێژکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زۆربەی ناوچەکان لەوان شاری موسڵی لە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش ڕزگار کردووە  و بە کردەوە ئیتر قاڵی داعش کە ئێراق بڕاوەتەوە.