ئه‌یلوول 11, 2017 10:35 Asia/Tehran
  • پەیوەندیی تەلەیفونیی وەزیرانی دەرەوەی ئێراق و قەتەر، قەیرانی بەدیهاهوو لەنێوان ریاز و دۆحە تەوەری وتووێژەکانە

ئیبراهیم جەعفەری و محەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی وەزیرانی دەرەوەی ئێراق و قەتەر دوێشەو(یەکشەممە) لە پەیوەندییەکی تەلەیفونی لەبارەی دواگۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەتایبەت قەیرانی بەدیهاتوو لەنێوان عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ قەتەر ڕاوێژیان کرد.

وردەزانیاریی زیاتر لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەیفونییە بڵاو نەکراوەتەوە.ئەو پەیوەندییە تەلەیفونییە لەکاتێکدا ئەنجامی گرتووە کە عادڵ جوبەیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستان لەم دواییەدا هەرچەشنە وتووێژ لەگەڵ قەتەری، تاکاتێک کە دۆحە، مەرجەکانی ڕیاز قەبووڵ نەکات، ڕەت کردۆبۆوە.

عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی(میسر، ئیمارات و بەحرەین) لە پێنجی ژۆئەنی٢٠١٧وە لەبەر هاوڕەوت نەبوونی دۆحە لەگەڵ ڕەوتی عەرەبی بەسەرکردایەتی ریاز، پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانی خۆی لەگەڵ قەتەر پچڕاندو سنوورە زەوینی، دەریایی وئاسمانییەکانیان لەڕووی ئەو وڵاتە داخست.

بیست و سێی ژۆئەنیش ئەو چوار وڵاتە پێڕستێکی ١٣لایەنیی لە داواکارییەکانیان خستەبەردەست قەتەر و ڕایانگەیاند، ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دۆحە گرێدراوی پراکتیکی کرانی گشت ئەو داواکارییانەیە.

گرینگترینی ئەو مەرجانەی عەرەبستان وهاوپەیمانەکانی بۆ قەتەر دیارییان کرد، پچڕاندنی پەیوەندیی دیپلۆماسیانەی قەتەر لەگەڵ ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، داخرانی بەتەواوەتی کەناڵی ئەلجزیرەو هەڵگیرانی پێگەی سەربازی تورکیا لە خاکی قەتەر بوو کە دۆحە، ئەو مەرجانەی قەبووڵ نەکرد.

پاش سەفەری بیستەمی مای ٢٠١٧ی دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ عەرەبستان و ئیمزای گرێبەستی چەکئامێریی لەنێوان واشنگتۆن و ڕیاز و هەروەها قسەکانی ترەمپ لەدانیشتنی ریاز، ناکۆکیی نێوان قەتەر و عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی عەرەب، ئاشکرا بووە.