May 17, 2018 18:31 Asia/Tehran
  • لێکدانەوەی لایەنە جۆربەجۆرەکانی چوارەمین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق

نزیک بە 11 ملوێن عێراقی واتە 44.52% لەو کەسانەی وا مەرجی پێویستیان بۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنانە هەبوو، دەنگیان داوە.

یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی چوارەمین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق، بەڕێوەچوونی لەوپەڕی هێوری و ئاسایشدا بوو. حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمبارەوە گوتی: "هەڵبژاردنەکان لەوپەڕی ئاسایشەوە بەڕێوەچوو و لەودا ژومارێک لە کەسانی بەستراو بە داعشەوە کە بەنیازی پەلاماردانی ناوەندەکانی دەنگدان بوون، دەسبەسەر کران.هێزە ئاسایشییەکانی عێراق هەوڵی تیرۆریستەکانیان بۆ پێکان و تەقاندنەوەی ناوەندەکانی دەنگدانیان لەو ڕۆژە مێژووییەدا پووچەڵ کردەوە."

بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی چوارەمین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق دەرکەوت کە لیستەکانی هاوپەیوەند بە شێعەکانی ئەو وڵاتە بۆ جارێکی دیکە توانیان زۆربەی زۆری کورسییەکان دەستەبەر بکەن و لیستەی سائێروون کە پەیوەندی بە ڕەوتی سەدرەوە هەیە، لیستەی فەتح کە پەیوەندی بە حەشی شەعبییەوە هەیە و هەروەتر لیستەی نەسر هاوپەیوەند بە حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالکی توانیان بە ڕیزی ئاماژە پێکراوەی سەرووە، زیاترین کورسییەکان وەدەس بێنن. لەهەمان حاڵدا، کەسانێکی ناسراوی وەکوو سەلیم جەبووری، سەرۆکی ئێستاکەی پەرلەمان و هومام حەموودی، سەرۆکی مەجلیسی ئەعلای ئیسلامیی عێراق نەیانتوانی دەنگی پیویست بۆ چوونە پەرلەمانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەستەبەر بکەن.

حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی عێراق

پرسیاری گرینگ ئەمەیە، چ هۆکارگەلێک بوونەتە هۆی سەرکەوتنی لیستەی سائێروون و فەتح لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی 2018 عێراق؟

سەبارەت بە هۆکارەکانی سەرکەوتنی لیستەی سائێروون ئەتوانین ئاماژە بکەینە بابەتگەلێکی وەکوو بەهرەوەرگرتنی زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە جیاتی بانگەشەی مەیدانی، هەڵبژاردنی دروشمی دژە گەندەڵی، سەرەنجدان بە ژنان، تەرکیز کردنەسەر لێقەوماوان و هەژاران و پاڵپشتی لە مافی ئەوان و هەروەترهەڵوێستی دژەئەمریکایی موقتەدا سەدر.

موقتەدا سەدر

گرینگترین هۆکاری سەرکەوتنی لیستەی فەتح کە بۆ یەکەم جار لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی عێراق بەشداری کردووە، کردەوەی  و کارنامەی ئەرێنیی حەشدی شەعبیە لە پێناو خەباتی دژی تیرۆریزمی داعش لەو وڵاتەدا.

پرسیارێکی دیکە کە پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق دێتەئاراوە، ئەمەیە کە دابەشبوونی دەسەڵات لەو وڵاتەدا چۆناوچۆن دەبێ؟ بەسەرەنجدان بەوەی کە سەلیم جەبووری لە گەیشتن بە پەرلەمانی داهاتووی عێراق سەرنەکەوتووە، سەرۆک پەرلەمانی ئەم وڵاتە، دەگۆڕدرێت، بەڵام ئەم پۆستە هەروا لەدەستی سوننەکانی عێراقدا دەمێنێتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق بە دەنگی دوو لە سێی پەرلەمانتارەکان هەڵدەبژێردرێ. بەسەرەنجدان بەوەی کە کوردەکان یەکێک لە لایەنە شوێن دانەرەکانن لەسەر داڕشتی دەسەڵات لە عێراق ، لەڕاستیدا وەکوو ڕەوت و لایەنی سێهەم ئەژمێردرێن، پێدەچێ سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراقیش هەر لە کوردەکان دەبێت. بەڵام هێشتا دیار نییە کە فوئاد مەعسووم لە پۆستەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە یان نا؟

پرسی گرینگ، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی عێراقە. بەسەرەنجدان بەوەی کە شێعەکانی عێراق زۆرینەی کورسییەکانیان وەدەس هێناوە، بێگوومان سەرۆک وەزیرانی داهاتوو هەر لە شێعەکان دەبێ، بەو هۆیەوە کە هیچکام لە لیستەکان زۆرینەی دیاریکراوی دەنگەکانیان دەستەبەر نەکردووە ناتوانن بە تاقی تەنێ سەرۆک وەزیران دیاری بکەن. بۆیە ناساندنی سەرۆک وەزیران پێویستی بە هاوپەیمانی لایەنەکانە لەگەڵ یەکتر. سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێ بتوانێ دەنگی متمانەی دوو لە سێی پەرلەمەنتارەکان دەستەبەر بکات.

بە ئەگەری زۆرەوە لەوانەیە لە نێوان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لایەنی فەتح، نەسر و لایەنی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ هەندێک لە لایەنە کوردییەکانیش هاوپەیمانییەک وەدی بێت و جارێکی دیکە لەسەر ناساندنی حەیدەر عەبادی وەکوو سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێک بکەون، بەمحاڵەشەوە، بێتوو عەبادی بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی پێ بدرێ، گۆڕان لە پێکهاتەی ئەنجومەنی وەزیران و هەروەتر لایەنەکانی دەسەڵاتدار لە داڕشتی حکوومەت حاشا هەڵنەگر دەبێت.

 

سەرپەیڤ