بەیاننامەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ بە ھانا چوونی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی پارێزگای بەسرە
سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەک دا داوای لە کاربەدەستانی دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و بەرپرسانی خۆجێیی پارێزگای بەسرە کردووە کە بە ھانای جەماوەری نارازیی ئەو پارێزگایەوە بچن.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، فۆئاد مەعسوم سهرۆک کۆماری عیراق له بهیاننامهیهکدا که تایبهت به خۆپیشاندانهکانی خهڵکی بهسره دهری کرد، داوای لە کاربەدەستانی پارێزگاکەو حکومەتی فیدراڵیی بهغدا کردووە کە بەبڕشتانە و بەپەلە بۆ بە ھانا چوونی داخوازیی رەوای خۆپیشاندەران ھەوڵ بدەن .
له بهیاننامهکهدا، فوئاد مهعسوم سهرۆک کۆماری عیراق پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزینهوهی ههلی ئیش و کار بۆ خهڵکی بهسره دهربڕیوەو ڕایگەیاندووە: راستەوخۆ پشتگیریی وەزارەتی نەوت دەکەین بۆ ڕەخساندنی ھەلی دە هەزار ئیش و کار لە کەرتی نەوتدا بۆ رۆڵەکانی پارێزگاکە بەزوترین کات.
سهرۆک کۆماری عیراق لە بەیاننامەکەی دا ئیدانهی هەر دەستدرێژییهک بۆسهر کارمەندانی عیراقیی و بیانیی کردووەو لە خۆپیشاندەرانی ناڕازیشی ویستووە لەسەرەخۆبن و سنووری یاسا نەبەزێنن و دان بهخۆیاندا بگرن.
فوئاد مەعسوم لە بەیاننامەکەی دا جەختی کردووە:لە کاتێکدا کە داوا لە هەموو رۆڵەکانی گەلمان بە تایبەتیی خۆپیشاندەرانی ناڕازیی دەکەین هێمنی و پابەند بوون بە یاساو دان بەخۆدا گرتن و زیان نەگەیاندن بە بیناو موڵک و ماڵی حکومەت و ئۆفیسی کۆمپانیاکانی نەوت بخەنە سەرو هەرشتێکی ترەوە، هەر بە ھەمان شێوە ھەرچەشنە دەستدرێژی کردنێک بۆسەر کارمەندانی عێراقی و بیانیی ئیدانە دەکەین وداواش لە هێزە ئاسایشتییەکانی بەسرە دەکەین گیانی هاوڵاتیان بپارێزن و مافی خۆپیشاندەران دەستەبەر کەن لە دەربڕین و خستنەڕووی داوا و خواستەکانیان بە شێوازی ئاشتیانە، دووپاتیشی دەکەینەوە کە پێویستە رێ بگیردرێت لە بەلادابردنی رەوتی راستەقینەی خۆپیشاندانەکان و کارکردن بۆ پاراستنی موڵک و سامانە گشتیی و تایبەتییەکان.
سەرۆک کۆماری عێراق لە بەیاننامەکەی دا پێی داگرتووە: پێشوازیی دەکەین لە هەوڵی حکومەتی فیدراڵی بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک بڕیاری بە پەلە لە ئاراستەی چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی وەزاریی بە مەبەستی بەدواداچونی بارودۆخی پارێزگاکە، راستەوخۆش پشتگیریی وەزارەتی نەوت دەکەین بۆ ڕەخساندنی ھەلی دە هەزار ئیش و کار لە کەرتی نەوتدا بۆ رۆڵەکانی پارێزگاکە بەزوترین کات.
ناوبراو جەختی کردووە: جارێکی تر پێویستیی هەرچی زوتر چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکان و کۆتایی هێنان بە هەمو شێوەیەکی گرژیی و ئاڵۆزیی لەسەر بناغەی دەستور و قانونە کارپێکراوەکان دووپات دەکەینەوەو پێداگرییش دەکەین لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی دەستبەجێی ژیانی هاوڵاتییان لە پارێزگای بەسرە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.
فوئاد مەعسوم لە بەیاننامەکەی دا ھیوای ئەوەی خواستووە کە هەموو لایەک ئەم هەل و مەرجە ناسکە لەبەرچاو بگرن و پێکەوە کاری جدیی و لێبڕاوانە بکەن لە پێناوی دان بەخۆدا گرتن و رێ خۆشکردن لەمەڕ چارەسەر کردنی ئاشتیانەو بنیاتنەر و دەستوریی گرفتەکان ، بە جۆرێک کە ببێتە ھۆی پارێزرانی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و دەستەبەرکرانی مافە ڕەواکانی هاوڵاتییان و چاککردنی باری ژیانی رۆژانەیان.
جێگای ئاماژە پێدانە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو لە ناوچەی (باهلە)ی پارێزگای بەسرە،خۆپیشاندانێک دژی بێکاری و خراپیی باری گوزەران و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە لایەن ھاوڵاتیانی عێراقییەوە بەڕێوەبرا، کە لە ئەنجامی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکەو کاردانەوە پیشاندانی ھێزەکانی ئاسایشت هاووڵاتییەک کوژرا و دوو کەسی دیکەیش برینداربوون .