ته‌مووز 13, 2018 19:20 Asia/Tehran
  • عەسائیبی ئەهلی حەق : عێراق پێویستی بە ناتۆ نیە

وتەبێژی "عەسائیبی ئەهلی حەق"ی عێراق جەختی کرد کە وڵاتەکەی پێویستی بە بوونی هێزی ناتۆ نیە.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نەعیم عەبوودی وتەبێژی بزووتنەوەی "عەسائیبی ئەهلی حەق"ی عێراق لە وتووێژ لە گەڵ "روسیا الیوم" وێرای دژایەتی دەربڕین بۆ ئامادەبوونی هێزەکانی ناتۆ لەو وڵاتە، جەختی کرد: عێراق پێویستی بەو هێزانە نییە.

ناوبراو ڕایگەیاند: ئامادەبوونی هەر جۆرە هێزێکی سەربازی لە خاکی عێراق پێویستی بە مۆڵەتی پەرلەمانە و ئێمە دژی ئامادەبوونی هەر جۆرە هێزێکی سەربازیی دەرەکی لە خاکی وڵاتەکەمانین.

عەبوودی ڕاشیگەیاند: ئامادەبوونی ئەو هێزانە پێشێل‌کەری سەروەریی عێراقە و بەغدا پێویستی بە هیچ هێزێکی سەربازیی دەرەکی نییە و بۆ خۆی سوپا، پۆلیس و حەشدی شەعبی هەیە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە یێنس ستولتنبێرگ ئەمینداری گشتیی پەیمانی ئەتلانتیکی باکوور (ناتۆ) رۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ناتۆ ڕەزامەندیی خۆی بۆ پێکهێنانی وەفدێکی ناسەربازیی نوێ لە عێراق بۆ ڕاهێنانی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ژێر فەرمانی کەنادا-دا دەربڕیوە.