ته‌مووز 14, 2018 01:12 Asia/Tehran
  • مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق پشتگریی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراقی دەربڕی

ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق وێڕای دەربڕینی پشتگریی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی عێراقی جەختی کرد : هەست بەو کەمتەرخەمیانە دەکەین کە لەلایەن بەرپرسانی پێشووترو ئێستاوە بەرامبەریان کراوە .

خۆپیشاندانی شارەجۆربەجۆرەکانی عێراق ، بە تایبەت لە باشووری ئەم وڵاتە چرکە بە چرکە پەرە دەستێنێ و تەنانەت خەریکە لە چوارچێوەی ناڕەزامەندی دەربڕینێکی ھێمنانە دەترازێ و خەڵکی توڕە زیان بە سامانە گشتییەکانیش دەگەیەنن و ھەر ئەمەش بووەتە ھۆی نیگەرانیی بەرپرسانی عێراقی و بەجاران جەختیان کردووە کە لارییان لە بەرپا کرانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە نییەو بگرە بە مافی ڕەوای ئەو خەڵکەشی دەزانن بەو مەرجەی کە زیان بە سامانی گشتی نەگەیەندرێت و نەچێتە قەواخی ئاژاوەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراقیش پشتیوانیی خۆی بۆ خۆپیشاندەران و بەتایبەت خۆپیشاندەرانی بەسرە ڕاگەیاندووەو جەختی کردووە کە: جێگەی قبوڵ کردن نیە ناوچەیەک کەدەوڵەمەندترین پارێزگایە ،بێبەشترین ناوچە بێ لەڕوی خزمەتگوزارییەوە.

لەوتاری نوێژی هەینیی دوێنێ دا عەبدولمەهدی کەربەلائی نوێنەری مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق لە کەربەلا ڕایگەیاند: پارێزگای بەسرە لەم ڕۆژانەدا خۆپیشاندانی جەماوەری بەخۆوە دەبینێت، کە دیارە ئەوەش گوزارشت لە کێشە و ناسۆری ئەو هاووڵاتیانە دەکات کە بە دەست کەمیی ئاو و کارەبا و خراپیی خزمەتگوزاریی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی بێکارییەوە دەناڵێنن.

لە پەیامەکەی ئایەتوڵڵا سەیید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق دا ھاتووە: پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕین و پشتی داخوازییەکانیان دەگرین و هەست بەو چەرمەسەری کەمتەرخەمییانەش دەکەین کە لەلایەن بەرپرسانی پێشووترو ئێستاوە بەرامبەریان کراوە.

بەڕێزی جەختی کردووە:جێی قبوڵ نییە ئەم پارێزگا دەوڵەمەندە، بێبەشترین ناوچەی عێراق بێت و ئینجا داواشی لە خۆپیشاندەران کرد کە موڵک و ماڵی گشتیی بپارێزن و دەستدرێژی نەکەنەسەر و وریابن ڕێگە بە کەسانی خاوەن بەرژەوەندیی تایبەتیش نەدەن کە ئەو کارە بکەن.

شەوی ڕابردوو ھەروەھا فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆماری عیراقیش له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا داوای  لە کاربەدەستانی پارێزگای بەسرەو حکومەتی فیدراڵیی به‌غدا کرد کە بەبڕشتانە و بەپەلە بۆ بە ھانا چوونی داخوازیی رەوای خۆپیشاندەران ھەوڵ بدەن .

سه‌رۆک کۆماری عیراق لە بەیاننامەکەی دا ئیدانه‌ی هەر دەستدرێژییه‌ک بۆسه‌ر کارمەندانی عیراقی و بیانیی کردو لە خۆپیشاندەرانی ناڕازیشی ویست لەسەرەخۆبن و سنووری یاسا نەبەزێنن و دان به‌خۆیاندا بگرن. لە بەرامبەردا داوای لە هێزەکانی ئاسایشتیش کرد کە گیانی هاوڵاتیان بپارێزن و مافی خۆپیشاندەران دەستەبەر کەن .

ھەر لەم پەیوەندییەدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش پاش گەڕانەوە لە کۆبوونەوەکانی برۆکسێڵ بەپەلە خۆی گەیاندە بەسرەو لەگەڵ فەرماندەرانی ئاسایشی و سەربازی دا کۆبووەوە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ قەیرانی خۆپیشاندانەکانی ئێستای وڵاتەکەی .

جێگای ئاماژە پێدانە کە لە ڕۆژی یەکشەممەی حەوتەی ڕابردووەوە  لە ناوچەی (باهلە)ی پارێزگای بەسرە،خۆپیشاندانێک دژی بێکاری و خراپیی  باری گوزەران و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لە لایەن ھاوڵاتیانی عێراقییەوە بەڕێوەبرا کە لە ئێستادا ئەو خۆپیشاندانە بەرەو زۆڕبەی شارەکانی باشووری عێراق تەشەنەی سەندووەو لە دوا ھەڵوێستیش دا شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران لە شاری نەجەفی پیرۆز دەستیان گرت بە سەر فڕۆکەخانەی ئەو شارەدا.