ئاب 09, 2018 16:53 Asia/Tehran
  • داخوازی عەمار حەکیم بۆ وتووێژی لێبڕاوانە لە نێوان ئێران و ئەمریکا

ڕێبەری ڕەوتی حیکمە بە ڕەخنە لە بایکۆتەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران؛ خوازیاری بەڕێوەچوونی وتووێژی لێبڕاوانە لە نێوان دوو وڵات و کۆتایی هاتنی سیاسەتی کێشە و ناکۆکی و برسێتی دان بە گەلان بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس؛ سەید عەمار حەکیم ڕێبەری ڕەوتی حیکمەی ئێراق لە بەیاننامەیەکدا لە کاردانەوە بە دەسپێبوونی قۆناغی یەکەمی بایکۆتە ئابوورییەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران،ڕایگەیاندووە: ئێمە بەردەوام جەختمان کردووە کە پەرە سەندنی کێشە و ناکۆکی لە پێوەندییەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سوودی دامەزرانی ئاشتی و پاوەجێیی لە ناوچەکەو هاتنە دیی داخوازەکانی گەلان بۆ گەشانەوە و پێشکەوتن نییە.

لە بەیاننامەکەی حەکیمدا هاتووە: ئێمە بەردەوام خوازیاری دانیشتن بە دەوری مێزی دانوستان بۆ چارەسەر کردنی کێشە و ناکۆکییەکان بووین و ئەمڕۆکەیش کە بایکۆتە توندەکانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتۆتە قۆناغی جێبەجێ کرانەوە و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان دژ بە کردەوەی ئەمریکا نەیارەتییان کردووە، دیسان هەر جەخت دەکەین کە لۆژیکی گەمارۆ و بایکۆت دەبێتە هۆی ئاڵۆزکاوتر بوونی کێشە و  ناکۆکییەکان و کاریگەریی نگەتیڤ دادەنێ لە سەر ژیانی گەلی ئێران و گەلانی دیکەی ناوچەکە.

ڕێبەری ڕەوتی حیکمەی لە کۆتاییشدا دیسان خوازیاری کۆتایی هاتنی سیاسەتی توند و برسێتی دان بە گەلان (لە لایەن ئەمریکاوە) و ڕوو کردنە وتووێژی جیدیی و بە دەسکەوت لە نێوان ئەمریکا و ئێران و بە سوودی ناوچەکەو جیهان بوو.