ئاب 10, 2018 12:27 Asia/Tehran
  • سەدر: لە بەرامبەر بایکۆت و گەمارۆی ئابووریی گەلاندا بێ دەنگ دانانیشین

سەیید موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە بارەی بایکۆتەکانی دەوڵەتی ئەمریکا دژی گەلانی ناوچەکە پێی داگرتووە: لە بەرامبەر بایکۆت و گەمارۆی ئابووریی گەلاندا بێ دەنگ دانانیشین.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا،سەیید موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لە بەیاننامەیەک دا کە ڕۆژی پێنج شەممە لە بارەی بابەت و پرسەکانی ھاوپەیوەند بە پێکھێنرانی دەوڵەتی تازەی ئەم وڵاتە بڵاوی کردەوە، ئاوڕێکی لە ڕەوشتی ئێستای عێراق و بە تێکڕایی ناوچەکەش دایەوە.

ناوبراو لەم بارەیەوە نووسی: عێراق بە شێوەیەکی تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی لە بەر سیاسەتی بایکۆت و گەمارۆی ئەمریکا ھەل و مەرجێکی دژوارو نالەبار تێپەڕ دەکات. سەدر جەختی کرد کە، ئەمە ھەمان سیاسەتی «خۆراک و سەرشۆڕی»یە کە ئەمریکا بە بیانووی دوژمنایەتی لێرەو لەوێ بۆ دەوڵەتەکان بەکاری دێنێ ھەر بۆیە ئێمەش لە بەرامبەر بایکۆت و گەمارۆی ئابووریی گەلاندا بێ دەنگ دانانیشین.

ڕێبەری ڕەوتی سەدرو پاڵپشتی ھاوپەیمانیی سائیرون کە بە ٥٤ کورسی لەو ٣٢٨ کورسییەی پەرلەمان بووبە یەکەم پێڕستی سەرکەوتووی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیی ئەم دواییەی عێراق، تیشکی خستە سەر دروشمی ئایینیی«هیهات منا الذله » و ئینجا پێی داگرت کە، ئەگەر ئەمریکا ئەم بڕیارانەی خۆی وەلا نەنێت، ئێمە لە بەرامبەر ئەو زیانانەی کە لە گەلانی ناوچەکە دەکەوێت بێ دەنگەی لێ ناکەین و دەستەوەستان دانانیشین.

ئەم ڕێبەرە ھەڵکەوتەیەی عێراق گەرچی ھیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی نەکردە قسەکانی ئەم دواییەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ھەنگاوە دژی ئێرانییەکەی ترەمپ، بەڵام وادیارە ئەو قسانەی لە کاردانەوەیەک دا بەرامبەر بەو بابەتە کرا بێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی حەوتانەی خۆی دا سێ شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند: عێراق لەگەڵ بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران ھاوتەریب نابێت، بەڵام لە بەر بەرژەوەندیی گەلی عێراق ناچارە پێبەندی بێت. ئەمەش بابەتێک بوو کە کەوتە بەر ڕەخنەی توندو بەربڵاوی ڕێبەرانی سیاسی، پارت و کەسایەتی و تاقم و ھەڵسوڕاوانی عێراقی.

دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دوشەممە شەشی ئۆت لە فەرمانێکدا برێک بایکۆتی نایاسایی ئەم وڵاتە دژی ئێرانی لە بەشی ترۆمۆبێل سازی وزێڕ گەڕاندەوە. دەوڵەتی ئەمریکا هەشتی مای ٢٠١٨ بە شێوەی یەک لایەنە لە بەرجام چووە دەر وگەڕانەوەی بایکۆتەکانی ناڤۆکیی لەدژی ئێران ڕاگەیاند.