ئاب 10, 2018 13:58 Asia/Tehran
  • فرانس پرێس: عێراق گەورەترین زیان دەکات لە بایکۆتەکانی سەر ئێران

ڕاوێژکاری ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق :بازاڕی عێراقی بەشێوەیەکی بەرفراوان گۆڕەپانی کاڵاو شت و مەکی ئێرانییە بە تایبەتی لە ڕووی کشتوکاڵ و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی خۆراکی و پێداویستی خانوبەرەوە، لەم ڕووەوە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەریی نالەباری لە سەر ئابوریی عێراقیش دەبێت.

ماڵپەڕی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە: پاش ئەوەی سزا ئابورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چووە واری جێبەجێکردنەوە، بە سەرنجدانی ئەوەی کە عێراق پشتی بە سەرچاوەی وزە و کەلوپەلی سەرەکی ئەو وڵاتە بەستووە دیارە گەورەترین زیانیشی لە ئەنجامی ئەو سزاو بایکۆتانەی سەر ئێران لێ دەکەوێت.

ماڵپەڕی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە جەختی کردووە: قەبارەی ئاڵووێری بازرگانی لەنێوان عێراق و ئێران لە ساڵی ڕابردوودا شەش پۆیینت حەوت ملیارد دۆلار بووە، بە جۆرێک کە بڕی ئاڵووێری شت ومەک و کاڵا تەنیا لەنێوان بەغدا و تاراندا گوژمەی حەفتا ملوێن دۆلاریشی تێپەڕاندووە. ئێران لەدوای تورکیا، بەسەرنجدانی ئەوەی کە زیاتر لە ھەزار کیلومەتر سنووریان لە نێواندایە زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ عێراقدا ھەیە .

هاوکات مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران کاریگەریی نالەباری لە سەر ئابوریی عێراقیش دەبێت.

ناوبراو جەختی کردووە: بازاڕی عێراقی بەشێوەیەکی بەرفراوان گۆڕەپانی کاڵاو شت و مەکی ئێرانییە بە تایبەتی لە ڕووی کشتوکاڵ و ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی خۆراکی و پێداویستی خانوبەرەوە.

ڕاوێژکاری ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتووشیەتی: ساڵانە دوو بۆ سێ ملیۆن هاوڵاتی ئێرانی بەمەبەستی سەردانی گڵکۆ پیرۆزەکانی کەربەلاو نەجەف  سەردانی  عێراق دەکەن کە ئەوەش داهاتێکی ئابوریی گرنگی بۆ ئەم وڵاتە دەبێت، بەڵام وادیارە لەمەولا عێراق لێی بێبەری دەکرێت.

ئەم ڕاپۆرت و لێکدانەوەیەی فرانس پرێس لە کاتێکدایە کە  حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی حەوتانەی خۆی دا سێ شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند: عێراق لەگەڵ بایکۆتەکانی ئەمریکا دژی ئێران ھاوتەریب نابێت، بەڵام لە بەر بەرژەوەندیی گەلی عێراق ناچارە پێبەندی بێت. ئەمەش بابەتێک بوو کە کەوتە بەر ڕەخنەی توندو بەربڵاوی ڕێبەرانی سیاسی،پارت و کەسایەتی و تاقم و ھەڵسوڕاوانی عێراقیەوە.

دوناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی دوشەممە شەشی ئۆت لە فەرمانێکدا برێک بایکۆتی نایاسایی ئەم وڵاتە دژی ئێرانی لە بەشی ترۆمۆبێل سازی وزێڕ گەڕاندەوە. دەوڵەتی ئەمریکا هەشتی مای ٢٠١٨ بە شێوەی یەک لایەنە لە ڕێککەوتنی ناڤۆکی کشایەوەوگەڕانەوەی بایکۆتە ناڤۆکییەکانی لەدژی ئێران ڕاگەیاند.