ئاب 11, 2018 11:00 Asia/Tehran
  • پێداگریی سەرۆک کۆماری ئێراق لەسەر پەیوەندیی بەرفراوانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران

سەرۆک کۆماری ئێراق جەختی کرد لەسەر پەیوەندیی بەرفراوانی نێوان ئەو وڵاتەو کۆماری ئیسلامیی ئێران.

فواد مەعسووم سەرۆک کۆماری ئێراق رۆژی هەینی لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی ئەلحوڕە، ئاماژەی کردە پەیوەندیی دێرینەی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی واتە ئێران و وتی: بەلەبەرچاوگرتنی گۆڕانی سیستەمی پاشایەتیی ئێران بۆ کۆماری ئیسلامی وهەروەها بەو گۆڕانەی لە ئێراقی دوای ساڵی٢٠٠٣ ڕووی دا، ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەی سەند.

سەرۆک کۆماری ئێراق بەئاماژە بە شووناسی پەیوەندیی بەربڵاوی نێوان ئێران و ئێراق و هەروەها بەرژەوەندییە هاوبەشە فراوانەکانی دوو وڵات، وتی: هاوڕەوت بوون لەگەڵ گەمارۆ و ئابلۆقەکانی ئەمریکا دژ بە ئێران دژوارە.

گرووپ و باڵە سیاسییەکانی ئێراق حەوتەی ڕابردوو لەبەیاننامەی جیاجیادا وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کردەی دوژمنکارانەی ئەمریکا بەرامبەر ئێران، جەختیان کرد لەسەر داکۆکیی گەلی ئێراق لە خەڵکی ئێران.

ئەوە لە کاتێک دایە کە سەعد حەدیسی، وتەبێژی نووسینگەی عەبادی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە "عێراق لە چوارچێوەی سزا سەپێندراوەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ناچار دەبێت واز لە دۆلار بهێنێت لە مامەڵەکردنی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەکردووە، سزاکان بە پلەی یەکەم کاریگەرییان لەسەر حەواڵەکردنە داراییەکان و مامەڵە بانکییەکان دەبێت کە دۆلار بەکاردەهێنن، چونکە  هەردوولا لەسەر دوورکەوتنەوە لە دۆلار رێککەوتوون.

حەدیسی روونیکردۆتەوە "لەژێر سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەستەمە بتوانرێت پارێزگاری لە ئاستی ئێستای بازرگانی نێوان عیراق  و ئێران بکرێت و بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری سزاکان، حکومەتی عیراق کار لەسەر پەرەپێدانی میکانیزمێکی نوێ بۆ پاڵپشتیکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات".