تشرینی یه‌که‌م 03, 2018 11:40 Asia/Tehran
  • تۆکمەکرانی ھەر سێ ئاڵقەکەی دەستەڵات لە عێراق دا

بە ھەڵبژێردرانی سەرۆک کۆمارو ناسێندرانی سەرۆکی تازەی ئەنجومەنی وەزیران لە عێراق دا ھەر سێ ئاڵقەکەی دەستەڵات لەم وڵاتەدا تۆکمە کرا.

پەرلەمانی عێراق ڕۆژی ڕابردوو بەرھەم ئەحمەد ساڵحی وەک سەرۆک کۆماری تازەی ئەم وڵاتە ھەڵبژاردو سەرۆک کۆماری تازەش عادڵ عەبدولمەھدیی وەک سەرۆکی تازەی ئەنجومەنی وەزیران ناساند. بەرلەمەش موحەممەد حەلبووسی وەک سەرۆکی تازەی پەرلەمان ھەڵبژێردرا بوو.

لەساڵی ٢٠٠٣وە ھەتاکو ئێستا بە پێی ڕێککەوتنی نێوان لایەن و کۆتلە سیاسییەکانی عێراق، سەرۆک کۆمار لەنێو پاڵێوراوانی کورد، سەرۆکی مەجلیس لە نێو پاڵێوراوانی سوننەو سەرۆک وەزیرانیش لەنێو پاڵێوراوانی شێعەی ئەم وڵاتە دیاریی دەکرێن.

بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری تازەی عێراق

ھەڵبژێردرانی سەرۆک کۆمار یەکەم ھەنگاو لە پێکھاتنی دەوڵەتی تازە لە عێراق دایە. بەم پێیە بەرھەم ساڵحیش دەست بەجێ دوای ھەڵبژێردرانی، عادڵ عەبدولمەھدیی وەک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕاسپارد بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی عێراق.

گرینگایەتیی ھەڵبژێردرانی بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەک سەرۆک کۆماری تازەی عێراق لەوەدایە کە ناوبراو پشتگری کردن لە بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی عێراقی پێ ئەوبەرترە لە قازانجە فیرقەیی و حیزبییەکان. بەرھەم ساڵح کە لە لایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی عێراقەوە کرابووە بەربژاری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لە کاتی گشتپرسیی جیا بوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە عێراقیش پشتیوانیی لەو گشتپرسییە نەکرد و خوازیاری پارێزرانی سەروەریی خاکی عێراق ببوو. بەرھەم ساڵح ڕۆژی ڕابردووش دوای ناسێندرانی سەرۆک کۆماری تازەی عێراق ڕایگەیاند بوو کە: یەکگرتوویی و سەربەخۆیی عێراق دەپارێزێت و لەمەولا سەرۆک کۆماری تەواوی جەماوەری عێراق دەبێت نەک تاقم و لایەنێکی دیاری.

بەرھەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆماری تازەی عێراق

بەم پێیە دەشێ بوترێت کە یەکێک لە پەیامە گرینگەکانی  ھەڵبژێردرانی بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەک سەرۆک کۆماری تازەی عێراق، شکست ھێنانی جیایی خوازان لەو وڵاتەدایە.

گرینگایەتییەکی دیکەی ھەڵبژێردرانی بەرھەم ئەحمەد ساڵح وەک سەرۆک کۆماری تازەی عێراق لەوەدایە کە ناوبراو لەگەڵ عەرەبەکانی ئەو وڵاتەدا پەیوەندییەکی ھەرە باشی ھەیەو بەدەستھێنانی ٢١٩ دەنگی ئەرێنی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقیش ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ.

بەرھەم ساڵح بە پێچەوانەی کۆمەڵێکی دیکە لە کەسایەتییە ناودارەکانی کورد لەو باوەڕەدایە کە مافی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی ھێزمەند دا دەستەبەر دەکرێت نەک عێراقێکی لاوازو بێ دەستەڵات.

عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆکی تازەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق

ناسێندرانی عادڵ عەبدولمەھدیش وەک سەرۆکی تازەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ھەڵگری ئەم پەیامە گرینگەیە کە گوشارو پاڵەپەستۆی دەرەکی بۆ دووبەرەکی نانەوە لەنێوان کۆتلە و تاقمە شێعەکان و ھەروەھا داسەپاندنی سەرۆک وەزیرانێک کە دژی حەشدی شەعبی لە عێراق دا بێت، تووشی شکست ھاتووە،چونکو عادڵ عەبدولمەھدی بەیەکانگیر بوونی تاقمە شێعەکان و پێکھاتنی «کۆتلەی ئەکبەر یان ھەمان فراکسیۆنی گەورەتری پەرلەمانی» لە ڕێگای ھاوپەیمانیی سائیرون و فەتحەوە وەک سەرۆکی تازەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناسێندراوە.

ئەگەرچی ھەر سێ ئاڵقەکەی دەستەڵات داگری سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە عێراق دا تۆکمە کراوە و ئەو چەقبەستووییەی کە دوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی مانگی مای ڕابردوو ھەتاکوو ئێستا دروست ببوو، کۆتایی پێ ھاتووە، بەڵام دیارە دەستوەردانی بیانی بە تایبەتی لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە کاروباری نێوخۆیی عێراق کۆتایی ھاتنی بۆ نییە.

 مارکۆ ڕوبیۆ  سێناتۆری کۆماری خوازی ئیالەتی فلۆریدای ئەمریکا

بێ گومان ئەمریکا ئێستاکە ھەوڵی ئەوە دەدات کە بە سەپاندنی گوشاروپاڵەپەستۆ بە سەر عادڵ عەبدولمەھدی لە ڕەوتی ناساندنی کابینەی تازەی عێراق دا شوێن دابنێت و خۆی تیادا ھەڵقورتێنێ، ھەرچۆن «مارکۆ ڕوبیۆ» سێناتۆری کۆماری خوازی ئیالەتی فلۆریدای ئەمریکاش حەوتەی ڕابردوو داوای خۆ تێگەیاندنی دەوڵەتی وڵاتەکەی کرد بوو لە ھەڵبژێردرانی وەزیری نەوتی کابینەی تازەی عێراق دا.

سەرپەیڤ