تشرینی یه‌که‌م 09, 2018 10:01 Asia/Tehran
  • عوسمان غانمی؛ بژاردەی عەبدولمەهدی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری

نوێنەرێکی هاوپەیمانیی فەتح لە پەرلەمانی عێراق وتوویەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە سەرۆک ڕوکنی سوپای عێراق کاندید بکات بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە.

ئەحمەد حەیدەر لەو بارەیەوە با ئاژانسی هەواڵی ئەلمەعلوومەی عێراقی وتووە عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند کەسێکی لە بەرچاو گرتووە بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگریی عێراق و یەک لەو کەسانەش فەریق ڕوکن عوسمان غانمییە.

حەیدەر هەروەها وتی: غانمی کەسایەتیەکی سەربازیی لێهاتوو و بەتوانایە و توانای بەڕێوە بردنی کاروباری وەزارەتی بەرگریی عێراقی هەیە.

"بەرهەم ساڵح" سەرۆک کۆماری نوێی ئێراق ، سێشەممە دووەمی ئۆکتۆبەر، بە شێوەی فەرمی "عادڵ عەبدولمەهدی"ی کرد بە بەرپرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی ئەم وڵاتە.

"عادڵ عەبدولمەهدی" یەک مانگ دەرفەتی هەیە بۆ ئەوەی وەزیرانی کابینەکەی دیاری و پێناسە بکات.