تشرینی یه‌که‌م 11, 2018 13:03 Asia/Tehran
  • دەست پێ بوونی ھەڵمەتی ئاسایشتی لە ئەنبار دژی شانە نوستووەکانی داعش

ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربازیی عێراق باسی دەست پێ بوونی ھەڵمەتی ئاسایشتی لە ئەنباری ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەی کرد دژی شانە نوستووەکانی داعش.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربازیی عێراق جەختی کرد: ھەڵمەتی پشکنین و پەلاماردانی شانە نوستووەکانی داعش لە شاری ڕۆمادی و گردوپەڕی بە فەرمانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لەژێر چاودێری و گەڵاڵەکردنی سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی ھاوبەش و ڕێکخستنی نێوان سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی ئەنبارو سەرکردایەتیی پۆلیسی ئەم پارێزگایە دەستی پێ کرا.

یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربازیی عێراق پێی داگرت: لە دەستپێکی ھەڵمەتەکەدا ھاوکات پەلاماری ٦٩ ئامانجی تیرۆریستان داگری ھەماری تەقەمەنی، بنکەو خەندەقەکان دراوەو ھێزەکانی عێراق توانیویانە ٤٣ گومان لێکراو ڕاپێچ کەن.

یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی سەربازیی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە، یەکەی ئەندازیاریی سەربازی سوپای عێراق لەم ئۆپراسیۆنەدا ٢٥ بۆمبای پوچەڵ کردووەتەوەو ھەمارێکی گەورەی تەقەمەنی داگری ھەزار بۆمبای دۆزیوەتەوەو دەستی گرتووە بە سەریاندا.

بەرلەمە ئەحمەد نەسروڵڵا یاریدەری سەرکردایەتیی ئۆپراسیۆنی حەشدی شەعبی لە دەڤەری ڕۆژئاوای ئەنباریش باسی دەست پێ بوونی ھەڵمەتێکی ئاسایشتیی بەربڵاوی کردبوو بۆ دابین کردنی ئاسایشتی سارای ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبارو پاکتاو کردنی لە بوونی تیرۆریستانی داعش.

ھەتا ئێستا ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق لە بوونی تیرۆریستانی داعش پاک کراونەتەوە، بەڵام چەکدارانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە تەکفیرییە زۆرجار لە ناوچە دوورەدەست و بیاوانییەکانی ئەنبار لە بەر نەبوونی ئاسایشت بە شێوەی پرژو بڵاو خۆیان دەردەخەن.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق بە یارمەتیی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکانیان لەوانە شاری موسڵ لە تیرۆریستانی داعش سەندووەتەوەو لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق دا کۆتایی پێ هاتووە .

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی ئەم وڵاتە نۆھەمی دیسامبەری ٢٠١٧ بە شێوەی فەرمیانە ڕزگار کرانی تۆکمەوتەواوی خاکی ئەم وڵاتەی لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستی داعش و وەدی ھاتنی سەرکەوتنێکی گەورە بۆ عێراقییەکانی ڕاگەیاند .