تشرینی یه‌که‌م 12, 2018 07:41 Asia/Tehran
  • عامری لە دیداری چاوش ئۆغڵوو: هێزەکانی تورکیا دەبێ خاکی ئێراق بەجێ بێڵن

"هادی عامری" سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتحی ئێراق شەوی ڕابردوو لە دیداری "مەولوود چاوش ئۆغڵوو" Mevlüt Çavuşoğlu وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا جەختی کرد لە سەر پێویستیی چوونەدەری هێزەکانی ئەم وڵاتە لە خاکی ئێراق.

سوپای تورکیا لە نزیکەی شەش مانگ لەمەوبەرەوە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەربڵاوی لە باکووری ئێراق بە مەبەستی ئەو شتەی کە بەرەنگار بوونەوەی هێزەکانی پەکەکە ناوی دەبات، دەست پێ کردووە.

ئەم دەسدرێژییە بەرەوڕووی کاردانەوەی توندی دەوڵەتی ئێراق و وڵاتانی دیکەی جیهان بۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر ؛ عامری هەروەها هیوای خواست ئانکارا ئەو بەڵێن و وادانەی بەجێ بێنێ کە سەبارەت بە ئازاد کردنی مافەئاوی ئێراق لە دیجلە داویەتی.

"مەولوود جاوش ئۆغڵوو"یش لەو دیدارەدا بە ئاماژە بەوەی کە دۆسییەی ئاوی نێوان دوو وڵات خێرا کۆتایی دێت، ڕاشیگەیاند؛ ئانکارا سەبارەت بە چوونەدەری هێزەکانی لە خاکی ئێراق بڕیار دەدات.

چاوش ئۆغڵوو" پێش دیدار لەگەڵ عامری، چاوی بە "بەرهەم ساڵح"ی سەرۆک کۆمار، "عادڵ عەبدولمەهدی"ی  سەرۆک وەزیرانی هەڵبژاردە، "محەممەد حەلبوسی" سەرۆک پەرلەمان و "حەیدەر عەبادی" سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئێراق دیدار و وتووێژی کردبوو.

وەزیری دەرەوەی تورکیا نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی دیدار و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێراق گەیشتە بەغدا.