تشرینی دووه‌م 07, 2018 09:15 Asia/Tehran
  • دیداری چوار وەزیری دەوڵەتی تازەی عێراق لەگەڵ باڵوێزی ئێران لە بەغدا

وەزیرانی دارایی، گواستنەوە، کارەباو کاروباری دەرەوەی عێراق ڕۆژی سێ شەممە لە دیداری باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا لە سەر بەردەوامی و پەرە پێ دانی ڕۆژلەدوای ڕۆژ زیاتری پەیوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیان داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، فۆئادحسەین وەزیری دارایی عێراق لە دیدار لەگەڵ ئیرەج مەسجیدی باڵوێزی ئێران لە بەغدا، سەبارەت بە ئاڵ و وێری کاڵا و سات و سەودای بازرگانی لە نێوان دوو وڵات و ڕادەی ناردەی گازو کارەبای  ئێران بۆ عێراق وتووێژی کردو داوای پەرە پێ درانی پەیوەندی و ھاوکارییەکان لەگەڵ ئێرانی کرد.

عەبدوڵڵا لوعەیبی وەزیری گواستنەوەی عێراقیش لە دیدار لەگەڵ ئیرەجی مەسجیدی ، وێڕای ئاماژە کردن بە گرینگایەتیی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات، پێی داگرت: بە سەرنجدانی درێژایی سنوورەکانی نێوان ھەردووک وڵات، وا ھەڵدەگرێت کە ئەم پەیوەندییانە لە بواری گواستنەوەش دا بەھێز بکرێت.

موحەممەد عەلی حەکیم وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراقیش لە دیدار لەگەڵ باڵوێزی ئێران لە بەغدا، وێڕای ڕێز گرتن لە ھەڵوێستی ئەرێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ھەمبەر عێراق دا لە سەر بەردەوامی و پەرە پێ درانی ڕۆژلەدوای ڕۆژی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات جەختی کرد.

لویی خەتیب وەزیری کارەبای عێراقیش لە دیدار لەگەڵ باڵوێزی ئێران وتی: عێراق ھەروا لە بواری دابین کردنی کارەباو گازی پێویستی ھێزگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای خۆی پشتی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەستووە.

باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغداش لەم دیدارانەدا وێڕای پیرۆزبایی کردن لە وەزیرانی عێراقی بۆ وەرگرتنی پۆستەکانیان، لە سەر پەرە پێ دانی ھەرچی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی دۆست و دراوسێی ئێران و عێراق پێی داگرت.

سەرپەیڤ