عەمار حەکیم: ناوچەکە دەبێ لە شەڕوقڕەی دەسەڵاتدارانی جیهانی بە دوور بێت
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نەتەوەیی ئێراق لە چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوەی ناوچەکە لە شەڕوکێشەی دەسەڵاتدارانی جیهانی، پێداگری کرد .
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی پێنج شەممەی ئیسنا، عەمار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نەتەوەیی ئێراق لە چاوپێکەوتن لەگەڵ محەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی ، وەزیری دەرەوەی قەتەر لە بەغدا، ڕێگەکانی پەرەی پێوەندیی ئێراق و قەتەری لێک دایەوە .
عەمار حەکیم لەم دیدارەدا داوای سەرنجدانی جیددی وڵاتانی ناوچەکە بە هاوکاری و هاوبیروڕایی لە پێناو بەرژەوەندیی وڵاتان و ئاسایشی گەلانی ناوچەکەی کرد .
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نەتەوەیی پێداگری کرد: ئێراق خەریکی تێپەڕکردنی قۆناخی کێشەی ئاسایشی و ئەتنییە و لە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەی گەشەدان و خزمەتگوزاری دایە و ئەم پرسە ئەولەویەتی سەرەکیی ئێراق لە قۆناخی بەردەم دا دێتە ئەژمار.
محەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕۆژی سێ شەممە بەمەبەستی چاوپێکەوتن و وتووێژ لەگەڵ کاربەدەستانی ئێراقی سەردانی ئەم وڵاتەی کردووە.
هەرلەم حاڵەدا وەزارەتی دەرەوەی قەتەریش لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: محەممەد بن عەبدوڕەحمان ئالی سانی لەم سەفەرەدا هەروەها لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئێراق دیداری کرد و سەبارەت بە پێوەندییەکانی دوو لایەنەو ڕێگەکانی پەرەپێدانی ، باس و ڕاوێژیان کردووە.