تشرینی دووه‌م 10, 2018 18:25 Asia/Tehran
  • سەرۆک وەزیرانی ئێراق: بەربەستی زۆر هەیە لە بەردەم جێ بەجێ کرانی پرۆژەکانی سەرمایەنانەوە لە ئێراق

سەرۆک وەزیرانی ئێراق وێڕای پێداگریی لەسەر هەوڵی حکومەتەکەی بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵات ، ڕایگەیاند، لەبەردەم ڕەوتی جێ بەجێ کرانی پرۆژەکانی سەرمایەنانەوە کەندو کۆسپی زۆر هەیە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، "عادڵ عەبدولمەهدی" سەرۆک وەزیرانی ئێراق پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا لە ڕێوڕەسمی دەسپێبوونی پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغدا جەختی کرد لەسەر پێویستیی هێنانەدی هەلومەرجی سەرمایەنانەوەی شیاو بۆ وەگەڕخستنی پڕۆژە جۆراوجۆرەکان لە وڵاتەکەی و لەوبارەوە وتی: یەکێک لە سەریەتییە سەرەکییەکانی حکومەت، هەوڵدان بۆ گەشەپێدانی ئابووریی ئێراقە.

عەبدولمەهدی وێڕای داننان بەوەی کە هەروا کەندو کۆسپی زۆر لەبەردەم جێ بەجێ کرانی پرۆژەکانی سەرمایەنانەوە لە ئێراقدا هەیە، خوازیاری هاوبەشی لە بنیات نانەوەی وڵات بوو لەئاراستەی هاتنەدی بەرژەوەندیی هەموواندا.

سەرۆک وەزیرانی ئێراق هەروەها وتی: شەڕ، ژێرخانەکانی لەبەین بردو ئێراق بەتەنیا بەرپرسایەتی بنیات نانەوەو ئاوەدان کردنەوە ناگرێتە ئەستۆ، شەڕی ئێستای ئێمە جێگیرکرانی نەزم و تەکوزی و جێ بەجێ کرانی یاسایەو خوازیاری ئابووریی تاکەبەرهەمی نین.

چل و پێنجەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی بەغدا ئەمڕۆ بەهاوبەشیی ١٧ وڵاتی بیانی لەوان، ئێران ، سوریا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئیسپانیا، هەنگاریا، پاکستان، هیندستان، ئۆردۆن، میسر، فەلەستین و تونس، زیاتر لە بیست ڕێکخراوی ئەهلی و نزیک بە٧٠٠کۆمپانیای چالاک لەبوارە جۆراوجۆرەکان و هەڵبەت بێ ئامادەبوونی وڵاتانی عەرەبی دەڤەری کەنداوی فارس دەس پێ کرا.