کانونی یه‌که‌م 04, 2018 18:02 Asia/Tehran
  • هەڵوەشانی شیمانەیی ڤیزای سەفەر بۆ لوبنان بۆ شارومەندانی عێراقی

وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند، ئەگەری هەڵوەشانی ڤیزای سەفەر بۆ ئەو وڵاتە بۆ شارومەندانی عێراقی لەئارادایە.

بەپێی راپۆری هەواڵدەریی فارس؛ "جەبران باسیل" وەزیری دەرەوەی لوبنان کە لەسەرووی شاندێکی باڵای سیاسی سەردانی بەغدای کردووە. رۆژی سێ شەممە لەدیدار لەگەڵ عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: سەفەری شارومەندانی عێراقی بۆ لوبنان ، ئاسان دەکرێتەوەو بەزوویی ڤیزای سەفەریش هەڵدەوەشێندرێ.

سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەپێداگری لەسەر پەرەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، خوازیاری بەردەوام کرانی دیدارو چاوپێکەوتنی هاوبەش و هاوڕەوت کردنی هەڵوێستەکانی بەغدا- بەیرووت بوو.

باسیل لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقیش دیداری کردو بانگهێشتن نامەی ئامادەبوون لە کۆبوونەوەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی وئابووری٢٠١٩ی وڵاتانی عەرەب کە بڕیارە لە بەیرووت بەڕێوە بچێ، ئاراستە کرد.

بڕیارە وەزیری دەرەوەی لوبنان لەگەڵ "محەممەد حەلبوسی" سەرۆکی پەرلەمان، "محەممەد عەلی حەکیم" وەزیری دەرەوەو "لوئیس ساکۆ" مەترانی کڵێسەی کاتۆلیکی کەلدانی لە بەغداش دیدار و وتووێژ بکات.

سەرپەیڤ