کانونی یه‌که‌م 04, 2018 18:49 Asia/Tehran
  • دانیشتنی پەرلەمانی عێراق نەگەیشتە ڕێژەی پێویست

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریکردنی چارەنووسی هەشت وەزیری پێشنیارکراوی عادڵ عەبدولمەهدی بۆ تۆکمەکرانی کابینەکەی، ئەمڕۆ بۆ دووهەم جار نەگەیشتە ڕێژەی پێویست.

دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەبەر نەگەیشتن بە ڕێژەی پێویست، نیو کاژێر دواکەوت.

بەرلەوە، ژمارێک سەرچاوی عێراقی رایانگەیاندبوو، چەند فراکسیۆنێک هەوڵیان داوە تەگەرە بخەنە بەردەم گەیشتن بە ڕێژەی یاسایی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان، بۆ پێش گرتن بە درانی دەنگی متمانە بە ژمارێک وەزیری پێشنیارکراو. ناکۆکی بنچینەیی لەسەر دوو وەزارەتخانەی سەرەکیی ناوخۆ و بەرگرییە.

بەڕێوە چوونی ئەو دانیشتنە لەکاتێکدایە کە هەندێ هەواڵ و ڕاپۆر باس لە بێ ئاکام مانەوەی دانیشتنی عەبدولمەهدی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان دەکا و دەبێ چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی ئاخۆ دانیشتنی ئەمڕۆ دەگاتە ئەنجام و دەنگ بە وەزیرە پێشنیارکراوەکان دەدرێ یان بۆ ڕۆژێکی دیکە دوادەخرێ.

پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی چوارشەممە دووی خەزەڵوەر دەنگی متمانەی دا بە عادڵ عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ١٤ وەزیری پێشنیارکراوی کابینەکەی.