کانونی دوھەم 09, 2019 19:01 Asia/Tehran
  • سەفەری رانەگەیێندراوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەفەرێکی لە پێشدا ڕانەگەیێندراو، گەیشتە پایتەختی عێراق و لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێکرا.

بەپێی ڕاپۆری بەغداد ئەلیەوم؛ نووسینگەی ڕاگەیاندنی "محەممەد حەلبوسی" سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی کورت ڕایگەیاند کە ناوبراو هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی کۆمیسیۆنی پەرلەمانیی پەیوەندییە دەرەوەییەکان لە شاری بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتە، پێشوازیی کردووە لە مایک پۆمپێئۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

لەهەمان کاتدا، پەیامنێری کەناڵی ئاڕ تی عەرەبی ڕووسیا لە بەغداش ڕاپۆری دا؛ پۆمپێئۆ لەناکاو و بۆ یەکەمجار لەکاتی بەدەستەوەگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەردانی عێراقی کردووەو بڕیارە لەگەڵ عادڵ عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش دیدار و وتووێژ بکات.

بەقسەی ئەو پەیامنێرە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدا لەنێو ڕێوشوێنی توندی ئاسایشی لەبەغدا بەتایبەت دەورووبەری ناوچەی کەسک گەیشتە ئەو شارە، کە پێش سەفەری بۆ عێراق، وەک بەشێک لە بەرنامەی سەفەری ناوچەیی ناوبراو بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ڕانەگەیێندرابوو و ئێستاش کات و وردییاتەکەی دیار نییە.

شیاوی ئاماژەیە کە "محەممەد عەلی حەکیم" وەزیری دەرەوەی عێراق چوارشەممەی حەوتەی ڕابردوو لە دانیشتنێک لەگەڵ ژمارێک میدیای ئەهلی و دەرەوەیی ڕایگەیاندبوو کە لەمانگی ژانڤییەدا، سەرۆک کۆماری وڵاتێکی گرینگ و هەروەها محەممەد جەواد زەریف ، مایک پۆمپێئۆ و ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیرانی دەرەوەی ئێران، ئەمریکاو فەڕانسە سەردانی وڵاتەکەی دەکەن.