پێداگری لە سەر پەرە پێدرانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە بواری وزە
وەزیرانی نەوتی ئێران و عێراق لە سەر پەرە پێدرانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە بواری وزە جەختیان کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،سامرغەزبان وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لەگەڵ بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: وتووێژەکانی ئەمڕۆمان لە درێژەی قسەکانی دیدارەکەی مانگی ڕابردووی پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ئۆپێک و بە مەبەستی تاوتوێی کردنی بەستێنی ھاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات بوو.
غەزبان پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و غێراقی بە پەیوەندییەکی باش نرخاندو وتیشی: ھەردووک لا بەنیازن لە بواری وزەش دا ئەم پەیوەندیانە پەرە پێ بدەن.
بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش وێڕای ئاماژە کردن بە دیدارەکانی لە گەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری کارەبا، وتی: لەو دیدارانەدا لە بارەی پرسەکانی جێی سەرنجی ھەردووک لا باس و وتووێژ کرا.
زەنگەنە وێڕای ئاماژە کردن بە خاڵە ھاوبەشە زۆرو مێژوویی و کلتوورییەکانی نێوان ھەردووک وڵات، وتیشی: تاران و بەغدا، ھەم لە بواری پەیوەندیی دوو قۆڵی و ھەم لە ئاستی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا ھاوکاریی باشیان پێکەوە ھەیە.
زەنگەنە لە دیدار لەگەڵ عادل عەبدولمەھیدی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش سەبارەت بە پەیوەندیی دوو قۆڵی و پرسەکانی جێی سەرنجی ھەردووک وڵات وتووێژی کرد.
ئێران و عێراق لە بواری وزە ھاوکاریی باشیان ھەیەو ناردەی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق ئێستا نزیکەی ١٥ ملوێن مەتری سێجایە.