کانونی دوھەم 11, 2019 08:38 Asia/Tehran
  • سەرۆک کۆماری عێراق: ھۆگری بەھێز کرانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو تارانین

سەرۆک کۆماری عێراق لە دیدار لەگەڵ وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وتی: پەرە پێ د انی پەیوەندییەکانی تاران-بەغدا بە قازانجی سەقام و ئاسایشتی تەواوی ناوچەکەیە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە دیداری شەوی ھەینیی خۆی لەگەڵ بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندەکەی یاوەری لە بەغدا وتیشی: ئامانجی بەغدا پەرە پێ دانی پەیوەندی لەگەڵ تاران لە بواری جۆربەجۆرو بە تایبەت نەوت و وزەیە.

بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەم دیدارەدا لە ئاستی و چۆنایەتیی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات لە بواری جۆربەجۆردا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و ئامادە بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەھێزکردنی ئەو پەیوەندییانەشی ڕاگەیاند.

بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای دیدار لەگەڵ بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و کۆتایی ھاتنی گەشتە فەرمییە یەک ڕۆژەکەی شەوی ھەینی بەغدای بە مەبەستی تاران بەجێ ھێڵا.

بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنج شەممە بە سەرۆکایەتیی شاندێک و بە مەبەستی ئەنجام دانی سەردانێکی فەرمی گەییشتە بەغداو لە لایەن سامرغەزبانی ھاوتای عێراقیی خۆی پێشوازیی لێ کرا. بەڕێزی پاشان چاوی بە عادڵ عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت و لە بارەی پەیوەندیی دوو قۆڵی و پرسەکانی جێی سەرنجی ھەردووک وڵات وتووێژی لەگەڵدا کرد.

زەنگەنەو شاندەکەی یاوەری لەم سەردانەدا زنجیرە وتووێژێکیشیان لەگەڵ کۆڕێکی داگری بەڕێوەبەرانی باڵای وەزارەتخانەکانی نەوت و کارەبای عێراق بە ئامادە بوونی سامرغەزبانی وەزیری نەوت و لوی خەتیب وەزیری کارەبای عێراق ئەنجام دا لە ئاراستەی پەرە پێ دانی ھاوکارییەکانیان.

ئێستاکە ئێران و عێراق لە بواری وزە ھاوکاریی باشیان پێکەوە ھەیەو بە پێی دوایین ڕێژەکان ئێران ١٣٥٠ مێگاوات کارەبا لە ڕێگای سێ ھێڵی گواستنەوە لە بەسرەو دیالەو عەممارە ڕەوانەی عێراق دەکات.

ناردەی گاز لە ئێرانەوە بۆ عێراقیش ئێستا نزیکەی ١٥ ملوێن مەتری سێجایە کە ئەگەر بێتو تەواوی گەڵاڵەکانی ناردن بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە، ئەوسا ئەم ڕادەیە بۆ نزیکەی چا ملوێن مەتری سێجا لە ڕۆژدا بەرز دەبێتەوە.