کانونی دوھەم 14, 2019 10:33 Asia/Tehran
  • رەخنەی سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق لە ئەمریکاو پێداگری لەسەر پەرەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق بە ڕەخنەگرتن لە بایکۆت و گەمارۆی یەکلایەنەی ئەمریکا دژ بەتاران وتی: ئەو گەمارۆیانە، عێراقی مکوڕکردووە لەسەر پەرەی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، "سەید عەممار حەکیم" دوێشەو(یەکشەممە) لەدیدار لەگەڵ "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی هاوڕێی لە بەغدا، وتی: ئێران هەردەم لایەنگر و پشتیوانی عێراق بووە بۆیە نەیاری ئەو ئابلۆقەو گەمارۆیانەین و شەرمەزاریان دەکەین.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی عێراق وتی: کردەی ئەمریکا لە سەپاندنی بایکۆتە یەکلایەنەکان، رەفتارێکی کەم وێنەیە لە هاریکارییە جیهانییەکاندا.

سەرۆکی فراکسیۆنی ئیسلاح و سازندەیی عێراق هەروەها وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەکی بەرفراوان یارمەتی عێراقی داوە لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی ترۆریستیی داعش  و دەوری ئێران لەوبارەوە حاشاهەڵنەگرە.

سەید عەممار حەکیم هەروەها وتی: ئەگەرچی هەڵمەتی چوونەدەری سەربازانی ئەمریکی لە سوریا سست دەچێتە پێش بەڵام یەکێک لە فەکتەرە گرینگەکانی ناوچەیەو لە گۆڕانکارییەکانی سوریا، دەوری ئەرێنی دەبێ.

وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لەو چاوپێکەوتنەدا ڕێزی گرت لە دەوری کەم وێنەی مەرجەعییەت و ڕێبەرانی سیاسیی عێراق لە دابین کردنی ئاسایشی ئەو وڵاتەو سەقام ویەکپارچەیی خاکی عێراق و لەوان سەیید عەممار حەکیم و جێگەو دەوری ماڵباتی مەزنی حەکیم لە عێراق.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەرلەئێوارەی رۆژی یەکشەممە لەگەڵ "محەممەدعەلی حەکیم "هاوشانە عێراقییەکەی و"عادڵ عەبدولمەهدی" سەرۆک وەزیرانی عێراق دیدار و لەگەڵیاندا لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵیی و پرسە ناوچەییەکان وتووێژی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی و ئامادەبوون لە سێ جڤینی تیجاریی چالاکوانانی ئابوریی کەرتی تایبەتی دوو وڵات لە بەغدا، سلێمانی وکەربەلا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.

سەرپەیڤ