شوبات 10, 2019 13:24 Asia/Tehran
  • کۆکرانەوەی ٧٠ واژۆ لە پەرلەمانی ئێراق بۆ وەدەرنانی هێزەکانی ئەمریکا

"مەهدی تەقی" ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی پەرلەمانی ئێراق ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند تا ئێستا ٧٠ نوێنەری ئێراقی نامەی ئامادە کردنی ڕەشنووسی گەڵاڵەی یاسایی وەدەرنانی هێزی بیانی بەتایبەت هێزە ئەمریکاییەکان لە خاکی ئێراقیان واژۆ کردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر؛ "مەهدی تەقی" راشکاوانە ڕایگەیاند: ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئێراق بڕیارە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا راپۆرتیکی تۆکمە سەبارەت بە هەژماری بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕادەی هێزەکانی سەقامگیر لەو بنکانە ئاراستەی کۆمسیۆنی ئاسایش و بەرەڤانیی پەرلەمانی ئێراق بکات.

"مەهدی تەقی" وتیشی: کۆمیسیۆنی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی ئێراق بەنیازە بێتوو سەرلەشکەر "عوسمان غانمی" سەرۆکی ئەرکانی گشتیی سوپا و "عادڵ عەبدولمەهدی" سەرۆکو ەزیران و فەرماندەری گشتیی هێزە چەکدارەکان، زانیاری هاوپێوەند بە هێزی ئەمریکایی نەخەنە بەردەستی پەرلەمان، هەردووکیان بخاتە بەر لێپرسینەوە."

هیزە ئەمریکاییەکان کە ساڵی ٢٠١١ بە هۆی شکست هێنان و نەگیشتن بە ئامانجەکانیان ناچار بوون خاکی ئێراق بەجێ بێڵن، ساڵی ٢٠١٤ بە بیانوویی خەباتی دژ بە داعش لە سەروی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دیسان گەڕانەوە بۆ ئەم وڵاتە.

مانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکایی لە ئێراق ئەمدواییە بۆتە یەکێک لە پرسە سەرەکی و جێی باسەکان لە کۆڕە سیاسییەکانی ئەم وڵاتەدا. زۆرێک لە خەڵک و گرووپە ئێراقییەکان نەیاری مانەوەی هێزی ئەمریکایی لە وڵاتەکەیاندان.