ئادار 17, 2019 11:46 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبی خوازیاری بانگ کرانی باڵیۆزی ئەمریکا بوو

وتەبێژی ڕێکخراوی بەسیجی جەماوەریی ئێراق ناسراو بە "حەشدی شەعبی" ڕۆژی شەممە لە کاردانەوە بە هەڵیت و پەڵیتەکانی ئەمدواییەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دژ بەم ڕێکخراوەیە، خوازیاری بانگ کرانی باڵوێزی ئەم وڵاتە لە بەغدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئێراق بوو.

"رابێرت پالادینۆ" Robert Palladino وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمدواییە هێزەکانی ڕێکخراوی بەسیجی جەماوەریی ئێراق کە لە شکست پێهێنانی داعش و ڕزگار کردنی ناوچەکانی ئەم وڵاتە لە دەستی ئەم گرووپە تیرۆریستییە دەورێکی بەرچاویان گێڕا، بە هێزی فیرقەیی ناو بردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئەلعالەم؛ "عەلی حسێنی" وتەبێژی ڕێکخراوی بەسیجی جەماوەریی ئێراق ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ پەلاماردانی ڕێکخراوی "حەشدی شەعبی" کە بەشێک لە هێزی سەربازیی فەرمیی ئێراق دێتە ئەژمار، بنپێ کردنی مافی سەروەریی نیشتمانیی ئەم وڵاتەیە.

ژمارێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێراقیش قسەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە حەشدی شەعبییان بە بنپێ کردنی مافی دەسەڵاتدارێتیی ئێراق وەسف کرد.

حەشدی شەعبی کە لە هێزی جەماوەریی ئێراقی پێکهاتووە، بە فەتوای ئایەتووڵڵا سیستانی ، مەرجەعی باڵای شیعەکانی ئەم وڵاتە  پاش ڕووخانی شاری موسڵ لە ١٠ی ژوەنی ٢٠١٤  و زاڵ بوونی داعش بە سەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئێراق پێکهات ، و ساڵی ٢٠١٦ بە ڕەزامەندنیی پەرلەمانی ئەم وڵاتە چوە ژێر ڕکێفی فەرماندەرێتیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە.

ئەمریکا بەنیازە بە تۆمەت خستنە پاڵی گرووپەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکە و وەبن گوشار نانیان، گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرەی دژە خۆڕاگری بخاتە ئاستێکی بانتر و بەهێزترەوە.

گرووپەکانی خۆڕاگری لەوان حەشدی شەعبی دەورێکی سەرەکی دەگێڕن لە بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکان و کردەوەکانی بەرەی ئەمریکایی- زایۆنی- سەعوودی.

پێشتر حەشدی شەعبی چەندین جار لەقاوی دابوو کە ئەمریکا لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێراق و سووریادا یارمەتیی تیرۆریستانی داعش دەدات.