May 17, 2019 12:27 Asia/Tehran
  • دەسپێبوونەوەی گەشتی ئاسمانی لە نێوان ئێراق و سووریا

وتەبێژی ناوەندی فڕۆکەوانیی نیشتمانیی ئێراق، ڕایگەیاند کە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئەم وڵاتە و سووریا دەست پێ بۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی فرانس پرێس؛ "لەیس ڕوبەیعی" ڕۆژی پێنجشەممە رایگەیاند؛ لەو کاتەوە شەڕی سووریا دەست پێبووە ئەوە یەکەم جارە کە هێڵە ئاسمانییەکانی بەغدا گەشتەکانی خۆی بەرەو دیمەشقی پێتەختی سووریا بەڕێ دەکات.

وتەبێژی ناوەندی فڕۆکەوانیی نیشتمانیی ئێراق وتیشی؛ لە شەممەی داهاتووە گەشتە ئاسمانییەکان هەموو هەفتەیە لە بەغداوە بەرەو دیمەشق ئەنجام دەبێ.

"لەیس ڕوبەیعی" بە ئاماژە بە کۆمەڵگای ئێراقییەکانی دانیشتووی سووریا  و هەروەها پەرە پێدرانی چالاکی و پێوەندیی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان دوولایەن ، دەسپێبوونەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێی بە گەلێک گرینگ وەسف کرد.

وەزارەتی ڕێگا و بان و گواستنەوەی سووریایش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک پێشوازی کرد لەو بڕیارەی کاربەدەستانی ئێراقی لەمەڕ وەڕێخستنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان دوو وڵات.