ئاب 25, 2019 13:35 Asia/Tehran
  • نوێنەری ئێراقی: ئەگەری ئەمریکاییەکان ئێراق بەجێ نەهێڵن، وەبەر پەلامار دەکەون

نوێنەرێکی ئێراقی و سەرۆکی فراکسیۆنی «الصادقون» لە پەرلەمانی ئێراق وتی بێتوو ئەمریکاییەکان خێرا خاکی ئێراق بەجێ نەهێڵن دژە بەوانە پەلاماری چەکدارانە ئەنجام دەبێ.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی شەممەی هەواڵدەریی فارس بە گێڕانەوە لە ڕووسیا ئەلیەوم؛ "حەسەن سالم" نوێنەری پەرلەمانی ئێراق و ئەندامی بزووتنەوەی «عصائب الحق» ڕایگەیاند پاش فەتوای "ئایەتووڵلا سەید کازم حائری" لەمەڕ پێویستیی خۆراگریی بەرامبەر بە ئەمریکاییەکان، خەڵکی ئێراق ئەو ئەرکە کەوتۆتە سەر شانیان کە داگیرکەران لە وڵاتەکەیان وەدەرنێن.

ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی ئێراق بە ئاماژە بەوەی کە وڵاتەکەی پێویستی بە ڕاهێنانی کارناسانی سەربازیی ئەمریکا نییە پێی داگرت کە بێتوو ئەمریکاییەکان ئێراق بەجێ نەهێڵن، دەکەوتنە بەر دەسڕێژی گوللەی ڕۆڵەکانی خۆڕاگری ئیسلامییەوە.

ڕۆژی هەینی "ئایەتووڵلا سەید کازم حائری" یەکێک لە مەرجەعە تەقلیدەکانی شیعەکانی ئێراق لە فەتوایەکیدا  تەنیا بژاردەی بە خۆراگری زانی و ڕایگەیاند مانەوەی هێزی ئەمریکایی لە ئێراق بە هەر بیانوویەک و لە هەر ڕەوشێکدا حەرامە.

"ئەبوو مەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی"ی ئێراقیش ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو دەوڵەتی ئەمریکای بە بەرپرسی تەقینەوە و ئاگرکەوتنە لە بنکە سەربازییەکانی ئێراق زانی.

لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بنکە و مەتەرێزەکانی  هێزەکانی حەشدی شەعبی چوار جار تەقێندراونەتەوە و  ئاوریان تێبەربووە و  و ژێدەرە ئێراقییەکان بڕوایان وایە کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی لە پشتی پەردەی ئەو پەلامارانەدان.

سەرپەیڤ