ئه‌یلوول 12, 2019 16:02 Asia/Tehran
  • وتەکانی سەرۆک کۆماری عێراق لە یادی عاشورای حسەینی (ع) دا

سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای بەشداری کردن لە ڕێ و ڕەسمێکی عاشورادا رایگەیاند: یادی ئیمامی حسەین(ع) داوامان لێدەکات کە ھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، دکتۆربەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو وێڕای بەشداری کردنی لە ڕێ و ڕەسمی یادی عاشورای حسەینی لە مزگەوتی بەرزنجە وتارێکی پێشکەش کردو تیایدا رایگەیاند: یادی ئیمامی حسەین(ع) داوامان لێدەکات کە ھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارەکەی دا  ڕوو لە بەشدار بوونی کۆڕی ماتەمگێڕانەکە ئاماژەی کردە  بەرجەستەبوونی کەسایەتیی حەزرەتی ئیمامی حسەین(ع) کە ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژوی ئینسانی و ئیسلامیداو وتیشی: لە ڕێ و ڕەسمی  ماتەمگێڕان بۆ ساڵڕۆژی شەھیدبوونی پێشەوای ئازادیخوازان ئیمامی حسەین (سەلامی خودای لێ بێت) سەرەتا  سەرەخۆشی لە خۆم و لە ئێوە و لەھەموو ئەوانە دەکەم کە دەستیان گرتووە بە بەھاو و پەیامە پیرۆزو بڵیندەکانی ئەو پێشەوا مەزنەوە. بەرجەستەبوونی کەسایەتیی ئیمامی حسەین(ع) بەرجەستەبوونی ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژووی ئینسانی و ئیسلامیدا، بوونی ڕێبەرێکە کە ھێمای بەگژداچونەوەی زۆردارییە ھەتا ئەندازەی گیانبەخشین لە پێناوی بەدیھاتنی باوەڕی بەرز و پەیامی نەگۆڕ، کەئەویش بەرز ڕاگرتنی حەق و بەگژداچونەوەی زوڵم و زۆرداری بوو.

سەرۆک کۆماری عێراق وێڕای ڕێزگرتن لەو مەڵبەندەی کە ڕێ و ڕەسمەکەی تیادا بەڕێوە دەچوو، جەختیشی کرد: لە بەرزنجەی مەڵبەندی ناوداری کوردستان، ناوەندی عیرفان و تەریقەت، مەڵبەندی سادات، ئیلھام و ناوەڕۆکی ئەو پەیامە زیندووەی ئیمامی حسەین(ع) بەسەر دەکەینەوە  کە لەگەڵ خۆیدا شۆڕشێکی بەردەوامی گەورەی ھزریی بۆ مسۆگەر کردنی یەکسانی و دادپەروەری  بەدی ھێنا، شۆڕشێک، کە ھەردەم بەھاکانی لە ناو دڵ و دەروون و بیرکردنەوەدا، بە نەمری دەمێننەوە و لە ئێستاشدا داوامان لێدەکات، لە پێناو بەردەوامبوونیدا، یەکێتی ڕیزەکانی گەلی بۆ ببپارێزین ھەتا لەو سۆنگەیەوە بنیاتنانەوە و چاکسازی و دادپەروەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراقیش بەدیبھێنین.

بەرھەم ساڵح جەختیشی کرد: یادەوەریی ئیمامی حسەین(ع) داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە،ھەر چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندایەتیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریش کەوتین.

سەرۆک کۆماری عێراق تیشکی خستە سەر ئەمەش کە یادەوەریی ئیمامی حسەین(ع) ھەردەم داوامان لێدەکات کە تێبکۆشین لە پێناوی ئازادی و چاکەخوازی و بەخشین و بەخشندەیی دا، ھەردەم داوامان لێدەکات بەوپەڕی ھۆشیارییەوە رووبەڕووی زوڵم و بێدادی و توندوتیژی بوەستینەوە و ئەو پڕۆژە چاکسازییە بەئاکام بگەیەنین کە لە کەربەلاوە چەخماخەی داو لە ئێستاشدا ئێمە لە پێناویدا لە بەرزنجەی کوردستاندا کۆبووینەتەوە.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق وتاردانەکەی ڕۆژی عاشورای بە ناردنی سڵاو بۆ گیانی پاکی ئیمامی حسەین(ع) وەک پێشەوای ئازادیخوازان و ھێمای یەکخستن لەئاراستەی ڕێز گرتن لە شکۆمەندی و دابین کردنی ئازادی و دادپەروەریی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی عێراق و ھەروەھا ستایشی  میوانان و زیارەتکاران و ماتەمگێڕانی ئیمامی حسەین(ع) لە سەرانسەری عێراق و جیھان ، کۆتایی پێ ھێنا.