ئه‌یلوول 13, 2019 17:27 Asia/Tehran
  • عێراق پاوانخوازیی تازەی ڕژێمی زایونیی بە جێگای قەبووڵ نەزانی

عێراق پاوانخوازیی تازەی ڕژێمی زایونیی لە بارەی لکاندنی دۆڵی چۆمی ئەردەن بە ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەوە بە جێگای قەبووڵ نەزانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی عێراق ڕۆژی ھەینی لە بەیاننامەیەک دا پێی داگرت: وتەکانی  بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی لەمەڕ لکاندنی بەشگەلێکی کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانی فەلەستینەوە، پڕوپاگەندەیەکی دوژمنکارانەی ھەڵبژاردنەو لە قەواخی سیاسەتی پاوانخوازانەو ڕەگەز پەرستانەدا کە لە سەر بنەمای پێشێلکرانی مافی گەلی فەلەستین ڕۆنراوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی عێراق دا ھاتووە: بڕیارەکەی ناتانیاھۆ داگیرکارییەکی مەترسیدارە دژی فەلەستین و دەبێتە ھۆی توندبوونەوەی پێکدادانەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەداو دەبێ لە ئاستی جیھاندا بەرنگاریی لەگەڵدا بکرێت.عێراق لە سەر پێویستیی پشتگریی نێونەتەوەیی لە گەل و سەرزەوینی فەلەستین لە بەرامبەر سیاسەتەکانی زۆربێژانەی ڕژێمی زایونی جەخت دەکات.

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی عێراق  لە بەیاننامەکەی دا  پاوانخوازیی تازەی ڕژێمی زایونیی بە ھۆکاری توڕەیی و ئاڵۆزیی زیاتر لە ئاستی جیھان و وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دا زانیوە.

بنیامین ناتانیاھۆی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند: ئەگەر بێتوو لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی داھاتوودا سەرکەوێت، ڕژێمەکەی ھەوڵی ئەوە دەدات ھەتا بەشگەلێک لە کەرتی ڕۆژئاوای چۆمی ئەردەن بلکێنێ بە سەرزەوییە داگیرکراوەکانەوە.سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایونی وتیشی: گەڵاڵەیەکی تۆکمەوتەواو لە بارەی دروستکردنی ھێندێک شارۆچکە لە ناوچەی «دۆڵی ئەردەن» دەداتە پەرلەمانی داھاتووی ئیسرائیل.

ڕژێمی ئیسرائیل بە دروست کردنی شارۆچکە زایونی نشینەکان بە نیازی گۆڕینی داڕشتی جوگرافیایی ناوچەکانی فەلەستین و بە زایونی کردنی سیمای ئەم ناوچانەیە بۆ ئەوەی دەستەڵاتی خۆی  لە ناوچە فەلەستینییەکاندا بچەسپێنێت.

 

سەرپەیڤ