تشرینی دووه‌م 05, 2019 16:39 Asia/Tehran
  • داکۆکی دەزگەی دادو یاسادانانی عێراق لە هەوڵەکانی حکومەت و دەزگە ئاسایشییەکان سەبارەت بە داواکاریی ناڕازییان

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، دەزگەی دادو یاسادانان داکۆکی دەکەن لە هەوڵەکانی حکومەتی فدراڵ و دەزگە ئاسایشییەکان لەپەیوەندیی لەگەڵ خۆپێشاندانەکان لەو وڵاتە.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی سومرییەنیوز، نووسینگەی ڕاگەیاندنی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەری گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق پاش نیوەرۆی ئەمڕۆ سێ شەممە بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە ناوبراو شەوی ڕابردوو بەئامادەبوونی محەممەد حلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و فایق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی بالای دادەوانی، لەگەڵ یاسین یاسری و نەجاح شمری ، وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری، عوسمان غانمی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، ئەبوومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی و ژمارێکی دیکە لەفەرماندەرانی ئاسایشی کۆبۆتەوە هەتا گۆڕانکارییەکانی هاوپێوەند بە ڕەوشی ئەو وڵاتەو هەوڵ وهەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و نەزمی گشتی بخەنەبەر باس و لێکدانەوە.

بەپێی ئەوەی وا لە بەیاننامەی نووسینگەی عەبدولمەهدیدا هاتووە، لەو دانیشتنەدا، جەخت کراوە لەسەر پاڵپشتی دەزگەی دادو یاسادانان لە هەوڵەکانی حکومەتی فدراڵ و دەزگە ئاسایشییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقام لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە، پاراستنی گیانی خۆپێشاندەران، داراییە گشتیی و تایبەتیەکان و دامەزراوە ئابوریەکان و هەروەها دەستەبەرکردنی هەلی کار و چالاکیی ڕێک و پێکی دەزگە حکومەتی، و فێرکاریەکان و هاتووچۆی شارومەندان.