ئادار 26, 2020 17:33 Asia/Tehran
  • نوێنەرێکی پەرلەمانی عێراق:زۆرفی لە بەر ھەڵوێستە لاوازەکانی لە ھەمبەر ئەمریکا ڕەت دەکەینەوە

نوێنەری فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە فراکسیۆنەکانی زۆرینەی شێعە، عەدنان زورفی لە بەر ھەڵوێستی لاوازی لە مەڕ تیرۆری ڕێبەرانی خەشدی شەعبی و پرسی وەدەرنانی ھێزەکانی ئەمریکی ڕەت دەکەنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵدەریی تەسنیم ، «موحەممەد کەریم» نوێنەری فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق  ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە ئەم فراکسیۆنە «عەدنان زورفی» ڕایپێردراو بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی تازەی عێراق لە بەر ھەڵوێستەکانی بەتایبەت لە پاش تیرۆری سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بە ھۆی ئەمریکییەکانەوە، ڕەت دەکاتەوە.

«موحەممەد کەریم» لە وتەکانی بۆ ماڵپەڕی مەعلومە جەختی لەوە کردەوە کە فراکسیۆنەکانی شێعە بە تایبەت سادیقون، زورفی لە بەر ھەڵوێستەلاوازەکەی سەبارەت بە وەدەرنرانی ھێزەکانی ئەمریکی و ئەمەی کە لە ھەمبەر تاوانی تیرۆرکرانی سەردار قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس بە ھۆی ئەمریکییەکانەوە ھیچ ھەڵوێستێکی وەرنەگرتووەو پاش ھاتنی بۆ پەرلەمان و وازھێنانیشی ھیچ سەرنجێکی ئەم بابەتەی نەداوە، ڕەت دەکەنەوە.

ناوبراو وتیشی: فراکسیۆنە سیاسییەکان دەستەڵاتی ئەوەیان ھەیە کە پێش بە بەرنامەکانی پێکھێنانی دەوڵەت بگرن و تەنانەت سەرۆک کۆماریش لە پۆستەکەی وەلا بنێن.

نوێنەری فراکسیۆنی سادیقون لە پەرلەمانی عێراق پێی داگرتووە کە زۆرینەی شێعەکان بە تایبەت فراکسیۆنی سادیقون، عەدنان زورفی ڕەت دەکەنەوەو تەنانەت ئەگەر دەنگی پەرلەمانیش بەدەست بێنێ، ھەڵوێستی ئەم فراکسیۆنانە لە بەر ئەو ھۆکارانەی کە باسی کرا بە نەگۆڕی دەمێنێتەوە.

بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی سێ شەممەی ١٧ی مارس لە کۆشکی سەلامی شاری بەغدا ، «عەدنان زورفی» پارێزگاری پێشووی نەجەفی پیرۆزو سەرۆکی ئێستای فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی نەسر لە پەرلەمانی بۆ پێکھێنانی دەوڵەتی فیدراڵی تازەی ڕاسپاردو ناوبراو مانگێک دەرفەتی ھەیە بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکەی.