May 07, 2020 13:49 Asia/Tehran
  • متمانەبەخشین بە کابینەکەی عێراق و کۆتایی ھاتنی چەقبەستووییەکی پێنج مانگە

سەرەنجام دوای پێنج مانگ چەقبەستوویی سیاسی، موستەفا کازمی سەرۆک وەزیران و کابینەکەی دەنگی متمانەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەرگرت.

عێراق لە یەکەمی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ەوە بەرپاکرانی خۆپیشاندانی جەماوەری بە خۆیەوە دەبینی کە ئەم خۆپیشاندانانە بە خۆ تێگەیاندنی دەورگێڕە ناڕازییەکان و نەیارانی نێوخۆیی و دەستوەردانی دەرەکی توندوتیژیی بەربڵاوی لێ کەوتەوە کە لە ئەنجامیش دا کشانەوەی عادڵ عەبدولمەھدی لە پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی لە بەرواری ٢٩ی نوامبەری ٢٠١٩ لێ کەوتەوە.

لەم ماوەیەدا بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق سێ پاڵێوراوی بۆ پێکھێنانی کابینە ڕاسپارد. موحەممەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی تەنانەت نەیانتوانی لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانیش دا ئامدا بن. موستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی سێھەمین پاڵێوراوێک بوو کە بۆ پێکھێنانی کابینە ڕاسپێردراو بە ھاودەنگیی کۆتلە سیاسیەکانی عێراق بۆ بە ئەستۆگرتنی ئەم پۆستە ناسێندراو بە پێیە دەنگدانی پەرلەمانیش بە خۆی و کابینەکەی بابەتێک بوو کە ڕێی تێ ئەچوو.

بە متمانە بەخشینی پەرلەمان بە کابینەکەی کازمی، لە کردەوەدا سەردەمی کاربەڕێکردنی عادڵ عەبدولمەھدیش بەسەر چووەو تا ڕادەیەک کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسیی پێنج مانگەی ئەم وڵاتەش ھاتووە.

لە بارەی کابینەی تازەی عێراقەوە بە سەرۆکایەتیی موستەفا کازمی چەند خاڵێک جێگای سەرنجن.

یەکەم خاڵ ئەوەیە کە، ڕەوتی دەنگدان بە کابینەکە ئەوەی دەرخست کە ھێشتاش پشک خوازیی کۆتلەکان فەکتەرێکی گرینگە لە پێکھێنانی دەوڵەت داو ھەر ئەمەش ببووە ھۆی پەک کەوتنی بەرپاکرانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ بەخشینی متمانە.

دووھەمین خاڵ کە دەبێ تیشکی بخرێتە سەر ئەمەیە کە بڕێک لە ڕەوتە سیاسییەکانی عێراق  بە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساشەوە بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی وایان پێ باشتر بوو کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بە مەبەستی دەنگدان بە کابینەکەی کازمی نەکەن. لە کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردوو کە ھەتا بەرەبەیانی ئەمڕۆش ھەر بەردەوام بوو، ٢٦٦ نوێنەر لەو ٣٢٩ نوێنەرەی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە بوون و بە واتایەکی تر ٦٣ نوێنەر لە کۆبوونەوەی متمانەبەخشین دا بەشدارییان نەکرد. بەم پێیە دەشێ بڵێین کە کابینەکەی کازمی نەیاریشی زۆرن.

سێھەمین خاڵ ئەمەیە کە لەو ٢٢ وەزیرە پێشنیار کراوەی کازمی، پەرلەمان پانزەیان پەسەند کردو پێنجیان دەنگیان نەدرایەو بۆ دوو وەزارەتحانەی گرینگی نەوت و دەرەوەش ھیچ کاندیدێک نەناسێندراو دەبێ لە داھاتوودا چارەنووسیان ڕوون بێتەوە.

خاڵی چوارەم ئەوەیە کە لە کابینەکەی کازمی دا پارێزگاکانی باشووری عێراق ھیچ  کاندیدێکیان نییەو لەم ڕووەوە لەو مشت و مڕانەی کۆبوونەوەکەی شەوی ڕابردووی پەرلەمانیش ناڕەزامەندی دەربڕینی توندی نوێنەرانی بەسرە بەرامیەر بە نەبوونی پاڵێوراوێک لە کابینە پێشنیار کراوەکەی کازمی بوو. وەک عەبدولئەمیر وەیاحی لە نوێنەرانی بەشرە وتبووی، لە سەدا ٩٥ بودجەی عێراق لە بەسرە دابین دەکرێت و کەچی ھیچ ھێمایەکیشیان لە کابینەی تازەدا نییە.

دوایین خاڵیش کە دەبێ بۆی بگەڕێینەوە ئەمەیە کە موستەفا کازمی دەبێ بتوانێ سەرەتا کابینە نوقسانەکەی کە لە ئێستا حەوت وەزیری کەمن، تۆکمە کات و پاشان بۆگرفتە گرینگە ئابووریی ، سیاسی و ئاسایشتییەکان تەگبیرێک بکات. بەم پێیەش کازمی لە ڕەوتی دانیشتنەکەی پەرلەمان ڕایگەیاند: کابینەکەی کابینەی چارەسەریی قەیرانەکانە ، نەک چێکردنی قەیران.

 

 

سەرپەیڤ