May 19, 2020 16:58 Asia/Tehran
  • داوای لێکۆڵینەوە لە کوژرانی 45 خۆپیشاندەر لە ناسرییە دەکرێت

کەس و کاری ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق کوژراون، داوایان لە سەرۆک وەزیران، مستەفا کازمی کردووە کە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی رۆڵەکانیان بکات.

لە میانی مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو لەسەر پردی زەیتون لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە، 45 خۆپیشاندەر کوژران و 100ی دیکەیش برینداربوون.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئانادۆڵو ، کەسوکاری خۆپیشاندەرە کوژراوەکان لە بەردەم پردی زەیتون خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و لەمیانیدا داوایان لە سەرۆک وەزیرانی نوێ کرد کە لێکۆڵینەوە دەست پێ بکات لە کوژرانی خۆپیشاندەران و ئاشکراکردنی بکوژانی خۆپیشاندەران.

لەوبارەیەوە یەکێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی حیکمەت سەعدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە لە میانی خۆپیشاندانەکەیاندا، داوایان کردووە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی خۆپیشاندەران بکرێت.

ئاماژەی بەوەیش داوە کە داواشیان کردووە، دادوەرێکی دانیشتوی زیقار راسپێردرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیە بکات و باسی لەوەشکرد کە لە میانی خۆپیشاندانەکەیاندا، هەروەها داوایان کردووە کە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەو کەسانەی کە بەرپرسن لە کوژرانی خۆپیشاندەران دادگایی بکرێن.