ته‌مووز 07, 2020 02:03 Asia/Tehran
  • باڵوێزخانەی ئێران لە عێراق تیرۆری «ھاشمی»ی ئیدانە کرد

باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا شەوی سێ شەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک تیرۆری «ھیشام ئەلھاشمی» کارناس و شارەزای کاروباری ستراتژی و ئاسایشتیی عێراقی ئیدانە کرد.

باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا لە بەیاننامەکەی دا ڕایگەیاندووە: بە داخ و مەخابنێکی زۆرەوە ھەواڵی تیرۆرکرانی توێژەرو شارەزای بواری ستراتژیی بەڕێز دکتۆر «ھیشام ئەلھاشمی»مان پێ گەییشت، باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم ھەنگاوە تاوانکارانەیە کە سیمای دزێوی خۆی بە تیرۆری بلیمەتان دەرخستووە، بە توندی شەرمەزار دەکات.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە، بە دڵنیاییەوە ئامانجی پشتگران و ڕاپەڕێنەرانی وەھا ھێرشێک، تێکدانی سەقام و ئاسایشت لە عێراق و پێکھێنانی ئاژاوەو دووبەرەکی لە نێوان ڕۆڵەکانی وڵات و گەڕاندنەوەی توندوتیژییە بۆ عێراق. کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام پشتگریی لە سەقام و ئاسایشتی عێراق کردووەو ئاوا ھەنگاوگەلێکی بە توندی ئیدانە کردووە.

«ھیشام ئەلھاشمی» کارناس و شارەزای بواری کاروباری ئاسایشتی و سیاسیی عێراق ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە دوای دیمانەیەکی تەلەفزیۆنی، لە ناوچەی «زیونە»ی بەغدا لە لایەن چەکدارانی داعشەوە  تیرۆر کرا.