ئه‌یلوول 29, 2020 07:58 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبی ھێرشی داعش بۆ سەر پارێزگای سەلاحەددینی عێراقی بەرپەرچ دایەوە

ھێزەکانی ڕێکخراوەی حەشدب شەعبیی عێراق شەوی سێ شەممە ھەوڵی دەست و پێوەندەکانی تاقمی تیرۆریستی داعشیان لەمەڕ ھێرش کردنەسەر پارێزگای سەلاحەددینی باکووری ئەم وڵاتە بەرپەرچ دایەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، ھێزەکانی تیپی ٤١ی ڕێکخراوەی حەشدی شەعبیی عێراق ھێرشی دەست و پێوەندەکانی تاقمی تیرۆریستی داعش بۆ سەر ناوچەی «تەل زەھەب» لە پارێزگای «سەلاحەددین» بەرپەرچ دایەوەو تیرۆریستانیان ناچار بە پاشەکشە کرد.

سەرباری شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق، ھێشتاش کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە  بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق، خەریکی کرداری تیرۆریستی و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتەن.   

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. دوابەدوای ئەوەش دەوڵەتی عێراق داوای لە ئێران کرد ھەتا لە خەباتی دژی تیرۆریزم یارمەتیی بەغدا بدات.

هێزەکانی عێراق بە یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران  ١٧ی نوامبەری ٢٠١٧ توانییان شاری «ڕاوە» لە پارێزگای ئەنبار وەکو دوایین پێکەی داعش لە عێراق ڕزگار بکەن. بە ڕزگار کرانی ئەم شارە بە کردەوە کاری داعش لە عێڕاق دا تەواو بوو. 

حەشدی شەعبیی داگری تاقمە جۆربەجۆرەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤ دا دوای ئەوەی کە تاقمی تیرۆریستی داعش بڕێک لە ناوچەو شارەکانی عێراقی داگیر کرد بە پێی فەتوای «ئایەتوڵڵا سەییدعەلی سیستانی» مەرجەعی باڵای شێعەکانی عێراق و هاوکات لەگەڵ کەوتنی شاری موسڵ لە دەهەمی ژوئەنی ساڵی ٢٠١٤ دا پێکھات و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی عێراق برایە ژێر دەستەڵاتی سەرکردایەتی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی ئەم وڵاتەوە.

سەرپەیڤ