ئه‌یلوول 06, 2016 12:50 Asia/Tehran
  • بڵاوبوونەوەی دوو کتێبی ڕەخنە و شێعر لە نووسەری بۆکانی

کتێبی "سەرەتایەک بۆ ڕەخنەی ئەدەبی" و کۆمەڵە شێعری "هەزار و یەک شەو چاوەڕوانی" دوو بەرهەمی نوێی محەمەد باوێردی موقەدەم (رزگار) نووسەر، ڕەخنەگر، وەرگێڕ و شاعێری بۆکانی لە لایەن بڵاوکەرەوەی زانکۆ چاپ و بڵاوکرایەوە.

محەمەد باوێردی موقەدەم لە بارەی ناوەڕۆکی ئەم دوو کتێبە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: کتێبی سەرەتایەک بۆ ڕەخنەی کوردی" ناوی کتێبێکە سەبارەت بە ڕەخنەی هاوچەرخی ئەدەبی کە بە ئامانجی ناساندنی گوتارەکان و قوتابخانەگەلی ڕەخنەیی بە زمانێکی ساکار بۆ لایەنگرانی ڕەخنەی ئەدەبی نووسراوە و لە سێ بەشی مێژووی ئەدەبی کوردی، قوتابخانەگەلی ئەدەبی و تیۆرییەکانی سەردەم پێکهاتووە.

ناوبراو وتیشی: ئەم کتێبە دەتوانێ دەلاقەیەکی نوێ بێت بۆ هەوڵی ئاکادیمی و میتۆدیک لە پێناو ئاشنابوون لە گەڵ تیۆرییەکان و شێوەکانی پراکتیزەی لە سەر دەقی ئەدەبی کە لە دووتۆی ١٩٨ لاپەڕە و لە قەوارەی مامناوەند ئاراستەکراوە.

باوێردی موقەدەم هەروەها سەبارەت بە کتێبی کۆمەڵە شێعرەکەی زیادی کرد: کتێبی "هەزار و یەک وشە چاوەڕوانی" بەرهەمی کۆکراوەی دوو دەیە کاری شێعری خۆمە کە تێیدا بە بەهرەوەرگرتن لە زمانی ئاخاوتنی رۆژانە هەوڵ‌دراوە ئەزموونێکی نوێ لە داهێنانی شێعری ئاراستەی خوێنەران و لایەنگرانی شێعری نوێی کوردی بکرێت.

ئەم کۆمەڵە شێعرە لە قەوارەیەکی مامناوەند و لە دووتۆی ٨٠ لاپەڕە بە دیزانی ڕووبەرگ لە لایەن خودی شاعێروە ئاراستەکراوە و بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا و لە میانەی مەڕاسیمێکی ڕوونوێنی بڵاوبکرێتەوە.