"یانه‌ی کورده‌واری" له مه‌ریوان چێده‌کرێت
ناوه‌ندێک به‌ناوی "یانه‌ی کورده‌واری" به مه‌به‌ستی پاراستن و ناساندن و گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی کورده‌واری له شاری مه‌ریوان ڕێکخرا.
به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، "یانه‌ی کورده‌واری" بینایێکی تازه چێ کراوه که خشت و که‌ره‌سته‌ی کۆنینه‌ی تێیدا به‌کارهێنراوه و به‌گوێره‌ی بیناسازی کۆنی ناوچه جۆربه‌جۆره‌کانی کوردستان کراوه‌ته‌وه.
ئه‌و بینا تازه‌کراوه‌یه وه‌کوو مۆزه‌خانه‌یێکی میراتی دێی نشینی کوردستان جێگایێکه بۆ ناسینی فه‌رهه‌نگ و داب و نه‌ریت و نژیارڤانی و جلوبه‌رگ و پێخۆر و ئامێری کار و ژیانی خه‌ڵکی کوردستان له بینایێکدا که هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ژیانێکی لادێی کوردستانی تێیدا کۆکراوه‌ته‌وه.
ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه دیارده‌ی ڕه‌سه‌ن و که‌لتووریی کۆنینه‌ی سه‌دساڵ له‌وپێشی کوردواری پیشان ده‌دات هه‌ندێکیان بریتین له خواردنی تایبه‌ت به ناوچه‌که وه‌کوو نانی تیری و ساجی، دۆ، ماست، ڕۆنی حه‌یوانی و هه‌روه‌ها جلوبه‌رگی پیاوان و ژنان که له ته‌نیشت ئامێر و که‌ره‌سته‌ی هاوپه‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ کار و بژێوی ژیانی کورده‌واری به شێوازێکی نه‌ریتی و جوان خراوه‌ته به‌ردیدی خه‌ڵکه‌وه.
ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه له لایه‌ن کیان جه‌هانییه‌وه ڕێکخراوه و ڕێکخستنی ناوه‌نده‌که‌ش زیاتر له 3 مانگی پێچووه.
"یانه‌ی کورده‌واری" له گه‌ڕه‌کی سه‌ردۆشییه‌کانی مه‌ریوان چێکراوه و له سبه‌ینێه‌وه چوارشه‌ممه 30 خاکه‌لێوه له ڕێوڕه‌سمێکدا به به‌شداریی به‌رپرسان و چالاکانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و توێژه جۆربه‌جۆره‌کانی خه‌ڵک ده‌کرێته‌وه.
شیاوی ئاماژه‌یه بڕیار وابوو ئه‌و پڕۆژه‌یه له قه‌باره‌ی 10 ماڵدا جێبه‌جێ بکرێت که هه‌ر کام له‌و ماڵانه شێوازی بیناسازی، داب و نه‌ریت و ژیانی ناوچه جۆربه‌جۆره کوردنشینه‌کان پیشان بدات. به‌تایبه‌ت ناوچه‌ی هه‌ورامان، له‌یلاخ، ساڕاڵ، که‌لهۆڕ و موکریان و ... به‌ڵام به‌هۆی گونجاونه‌بوونی هه‌لومه‌رجی ڕێکخستنی ئه‌و ناوه‌ندانه تا ئێستا بواری وه‌دیهاتنیان نه‌ڕه‌خسێندراوه به‌ڵام بڕیاره به‌ڕێوه‌به‌ری "یانه‌ی کورده‌واری" له داهاتوودا به هاوکاریی به‌رپرسان ئه‌و کاره جێبه‌جێ بکات.