ئه‌یلوول 17, 2017 16:39 Asia/Tehran
  • تۆمار کرانی مەریوان لە لیستی ئاسەوارەکانی یونسکۆ وەکوو شاری جیهانیی کڵاش

بەڕێوەبەری گشتیی میرات و کەلەپووری فەرهەنگیی پارێزگەی کوردستان لە ڕۆژاوای ئێراندا وتی: شاری مەریوان وەکوو شاری جیهانیی کڵاش لە لیستی ئاسەوارەکانی ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و فەرهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسکۆ" UNESCO، تۆمار کرا.

"سەید موحسن عەلەوی" بەڕێوەبەری گشتیی میرات و کەلەپووری فەرهەنگیی پارێزگەی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە لە وتووێژ لەگەڵ ئیرنادا وتی: بوونی چوار هەزار و ٣٥٥ هونەرمەندی چالاک لە بواری بەرهەم هێنانی کڵاشی کوردی ، گرینگترین پوتانسییەلی تۆمار کرانی ئەم پێڵاوە وەکوو هونەر و مەریوان وەکوو شاری پیشەسازیی دەستی لە جیهاندایە.

"سەید موحسن عەلەوی" وتیشی: تا ئێستا چوار شاری ئێران بە توانا و تایبەتمەندیی جۆر بەجۆر لەوان مەشهەد شاری جیهانیی بەردی گرانبایی، ئیسفەهان شاری جیهانیی پیشە دەستییەکان، تەورێز شاری جیهانیی مافوڕە و لالەجینی هەمەدان وەکوو شاری جیهانیی سواڵەت و هەوڕگەری لە ڕێکخراوی جیهانیی یونسکۆدا تۆمار کراوە کە مەریوان وەکوو شاری جیهانیی کڵاش و پیشە دەستی وەکوو پێنجەمین شاری تۆمار کراوی ئێران لەم لسیتەدا دێتە ئەژمار.

کڵاش بە پێشینەیەکی زیاتر لە دوو هەزار ساڵە تایبەت بە ناوچەی کوردستانە. ئەم پێڵاوە بە تەواوەتی لە جنسی قوماشە و سەرەوەی بە بەن دەچنن وبنەکەیشی لە قوماشی کوتراو ساز دەکەن؛ و بە هیچ لەونێ پێ لە نێو ئەو پێڵاوەدا ئارەق ناکات.

کڵاش لە بواری ژینگەپارێزیشەوە زۆر جیاوازە و بە هیچ لەونێ ژینگە پیس ناکات لەبەر ئەوەی کە هەموو ئەو شتەی بۆ ساز کردنی بەکاری دێنن سرووشتییە و لە ماوەیەکی کەمتر لە یەکساڵدا لە نێو خاک دەڕزێ و دەبێتەوە بە هەوێنە سروشتییەکانی خۆی؛ لە کاتێکدا کە پێڵاوی دیکە چەندین ساڵ دەخایەنێ تا لە نێو خاک دا بڕزێن.