کانونی یه‌که‌م 04, 2017 10:12 Asia/Tehran
  • وەرزێڕێک کە بە فیداکارییەکانی بوو بە ئەفسانە

جووتیاری فیداکار یان هەمان "ڕیزعەلی خاجەوی" یان بە پێی ناوی هەویەکەی "ئەزبەرعەلی حاجەوی"کەسێکی ناسیاوە بۆ هەموو ئێرانییەکان. بەڕێزی لە دایکبووی 5ی ڕەشەمەی 1309ی هەتاویە لە گوندی "قەلعە جوق"ی شارستانی میانە. بەسەرهاتی فیداکاری و لێبوردوویی ئەو لە کتێبی وانەکانی ساڵی سێهەمی سەرەتایی بۆ ساڵانێکی زۆرە کە لە چاپ دەدرێ.

لێبوردووییەک کە لە شەوێکی ساردی ساڵی 1341ی هەتاوی گیانی سەدان کەسی لە مردن ڕزگار کرد و سەرەڕای کەوتنە بەر لێدانی لەو شەودا، وەکوو باشترین بیرەوەری ژیانی باسی کردووە.

ڕیزعەلی خاجەوی

بەسەرهاتی ئەو شەوە لە زمانی خۆیەوە ئاوا بووە:
ئەو شەوە باران دەباری و من خەریک بووم دەچوومە مەزراکەم. لەبەر ئەوەی کە زەوی قوڕاوی بوو، بۆیە ناچار بووم لە پەنای ئاسنەڕێیەوە بڕۆم بۆ ئەوێ. لەناکاو دیتم لە نێوان دوو توونێلدا بەردەکان لە کێوەکان بەربوونەتەوە و ڕێگایان گرتووە. دەمزانی کە شەمەندەفەرێکیش بەو زووانە لەوێوە تێدەپەڕێت. نەمدەزانی دەبێ چی بکەم. دەترسام بێتوو قسەیێک بکەم بڵێن تۆ چت داوە بەم بابەتەوە و پەیوەندی بە تۆوە نییە. لەلایێکیشەوە زگم دەسووتا بەو کەسانەی وا لەنێو شەمەندەفەرەکەدا بوون. دەبوو بەهەر لەونێک بووە یارمەتییان بدەم بۆیە بەرەو وێستگەی شەمەندەفەر هەڵاتم. بەڵام شەمەندەفەرەکە وەڕێ کەوتبوو. دەبوو گیانی خەڵک ڕزگار بکەم بەڵام نەمدەزانی چۆناوچۆن؟ لەنتەرەکەم بەرز کردەوە و دەستم کردە هات و هاوار بەڵام فەرمانبەرەکانی شەمەندەفەرەکە تێنەدەگەیشتن. لەنتەرەکەشم کوژایەوە. قاتەکەی بەرم دەرهێنا و نەوتی لەنتەرەکەم کرد بە سەریدا و بەو شەمچەیەی وا پێم بوو ئاورم دا، بەڵام دیسان هەر شەمەندەفەرەکە ڕانەوەستا. بە چەکەکەم وا بۆ ڕاو لەگەڵم بوو چەند جار تەقەم کرد و ئەنجام شەمەندەفەرەکە ڕاوەستا.

"کاتێ خەڵک و فەرمانبەرەکانی شەمەندەفەرەکە دابەزین هەموویان ڕژانە سەرم و دەستیان کرد بە لێدانی من. چوونکە پێیان وا بوو من لەخۆڕا شەمەندەفەرەکەم وەستاندووە هەتا ئەوەی کە بەرپرسی شەمەندەفەرەکە هات و من بابەتەکەم بۆی گێڕایەوە. پێکەوە سوار بووین و بەرەبەرە هەتا ئەو شوێنەی وا بەردەکان بەرببوونەوە چووینە پێش. لەوێ بوو کە ئیدی هەموویان زانیان قسەکەی من راست بووە و دەستیان کرد بە داوای لێبوردن و ماچ کردنی من.

"ئەو کاتە وا ئەم کارەم کرد، تەنیا لەبەر ڕزگار کردنی گیانی خەڵک بوو. چاوەڕێی سوپاس و پێزانین نەبووم و ئێستا زۆر خۆشحاڵم. هەموو ڕۆژێک لەبەر ئەوەی کە ئەو ڕۆژە ئەو بیرۆکەیە هاتە مێشکمەوە شوکرانەبژێری دەرگانەی خودام."
جووتیاری فیداکار هەتا ماوەیێکی زۆر نەیدەزانی ڕووداوەکەی ئەو شەوە، لە نێو کتێبی وانەکانی قوتابخانە لە چاپ دراوە. سەیر لەوەدایە کە زۆربەی خەڵکیش ئاگادار نەبوون کە جووتیاری فیداکار، بوونی هەیە و لایان وابوو بەسەرهاتەکەی جووتیاری فیداکار خەیاڵی و ئەفسانەیە.

لە ساڵی 1385ی هەتاوی لە سێهەمین کۆبوونەوەی بەخشینی یادەوەری نیشتمانیی فیداکاری ، سوپاسی کرا و ئەو یادەوەریەیان پێشکەش کرد

ئەزبەرعەلی حاجەوی کە بەهۆی نەخۆشی سیپەلاکەوە لە خەستەخانەی ئیمام ڕەزا (د.خ) لە تەورێز لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران، کەوتبوو، ڕۆژی شەممە 11ی سەرماوەز لە تەمەنی 86ساڵاندا کۆچی دوایی کرد.

ڕۆحی بە جەننەت شاد بێ و خودا لێێ خۆش بێ.

سەرپەیڤ