ئادار 12, 2018 09:28 Asia/Tehran

"گوڵ نەسا" یەکەمین فیلمی بڵندی ستار چەمن گوڵ. بووە بەربژێری خەڵاتی ڕێمی (Remi) لە پەنجاویەکەمین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی هۆستۆنی ئەمریکا.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گوڵ نەسا لە دەرهێنانی سەتار چەمەنی گوڵ و لە نووسینی ڤیدا ساڵحی لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆیدا لە پەنجا و یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی هۆستۆنی ئەمریکا وەک یەکێک لە بەربژێرەکانی خەڵاتی ڕێمی لەو فێستیڤاڵە نمایش دەدرێت. محەمەد فەکووری بەرپرسی تیمی فیلم هەڵگریی ئەو بەرهەمە بە نوێنەرایەتیی دەرهێنەری فیلمەکە لە ڕێوڕەسمی نمایشی "گوڵ نەسا"دا ئامادە دەبێت.

ئەم فیلمە بە سەرهاتی ژن و پیاوێکی ئەفغانی بە ناوەکانی گوڵ مەمەد و گوڵ نەسایە کە دوای کۆچی نایاسایی بۆ ئێران لە کارگەی ئاجورپەزیی قەرچەک ئیش دەکەن و بە هۆی هەندێک ڕووداو، ژیانیان گۆڕانی سەیری بە سەردا دێت.

فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی هۆستۆن لە ساڵی ١٩٦١ دامەزراوە و لە گەڵ فێستیڤاڵەکانی سان فرانسیسکۆ و نیۆیۆرک، سێ فێستیڤاڵی گرینگی فیلمگەلی سەربەخۆی ئەمریکان. ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی ١٩٦٨ەوە بە شێوەی ڕکابەرانە باشترینەکانی بواری سینەمایی لە ئاستی جیهانی هەڵدەبژێرێت. پەنجا و یەکەمین خولی ئەم فێستیڤاڵە لە بەرواری ۳۱ی خاکەلێوە تا ٩ی گوڵانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی (۲۰ تا ٢٩ی ئەیپرێڵی ٢٠١٨) لە ویلایەتی تێگزاسی ئەمریکا بەڕێوە دەچێت.

پێشتر دەرهێنەرانێکی وەک ستیوێن سپیلبێرگ، ئەنگ لی، جان لی هێنکاک، ڕێنداڵ کلیزێر، ڕیدلی سکات، ڕابێرت رۆدریگێز، ڕابێرت تاونزێند، برایانی کوئین، سپایک لی، ئۆلیڤێر ستۆن و دەیڤید لینچ بە بردنەوەی یەکەمین خەڵاتەکانیان لە فێستیڤاڵی فیلمی هۆستۆن، بە پێشەنگەکانی براوەی ئەو فێستیڤاڵە دەناسرێن.

 

شایانی باسە فیلمی گوڵ نەسا لە لایەن کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە"وە بەرهەم هاتووە و ستار چەمەنی گوڵ و یووسف کەریمی-ش بەرهەم هێنرانی فیلمەکە بوونە.