ئاب 09, 2018 16:23 Asia/Tehran
  • تاکوو کۆتایی ساڵ، ٥٠ پێشانگا لە گەلەری سورەی سنه بەڕێوە دەبەین

بەرپرسی بەشی هونەرە جوانەکانی حەوزەی هونەری پارێزگای کوردستان باسی بەڕێوە چوونی ٥۰ پێشانگای هونەری تاکوو کۆتایی ئەمساڵی کرد.

وریا هاشمی لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی مێهر وتی: یەکێک لە کارەکانی حەوزەی هونەری چالاکی گەلەری سوورەیە. ئەم گەلەرییە یەکێکە لە باشترین گەلەرییەکانی ئێران کە بەستێنی بۆ گەشەی هونەری کوردستانیش خۆش کردووە.

وتیشی: بەو بەرنامانەی دامان ڕشتوە پێشبینی دەکەین تاکوو کۆتایی ساڵ ٥۰ پێشانگا لە گەلەری سورەی سنە بەرپا بکەین. پشتیوانی لە پێشانگای هونەری ناوخۆ و دەرەوەی پارێزگاکە و دانوستانی نێوان هونەرمەندەکان ئامانجێکی دیکەی ئێمەیە کە هەوڵی زۆرمان بۆ داوە.

بەرپرسی بەشی هونەرە جوانەکانی حەوزەی هونەری پارێزگای کوردستان وتی: پێکهێنانی یانەی وێنە گرتن، پەرەدان بە ماڵی کاریکاتر، پشتیوانی بەرهەمە هونەرییەکان، چاپی ئاسەوارە هونەرییەکان، گرنگی دان بە داهاتی هونەری، فستیڤاڵ و پێشانگا بەڕێوە بردن و بەستێن خۆش کردن بۆ هونەرمەندانی لاو ئامانجی سەرەکی ئێمە بووە کە زۆربەشی تاکوو ئێستە ئەنجام بووە.

ئەو ئاماژەی دا: حەوزەی هونەری بە ئامانجی پڕ کردنەوەی کاتی منداڵان و مێرمنداڵان بە بەشداری مامۆستایانی ناسراو وانەی هونەری وەک خۆشنووسی، نیگارکێشی، وێنەگرتن و کاریکاتری بەڕێوە بردووە و بەردەوامیش دەبێت لەم کارانەی خۆی.

هاشمی وتی: بێجگە لەم چالاکیانە حەوزەی هونەری ڤۆرکشاپی نیگارکێشی، جوان نووسین و وێنەگر گرتن بە بەشداری مامۆستایانی ناسراوی ئێرانی بەڕێوە بردووە کە کاریگەری باشی بە سەر کوالێتی هونەری پارێزگای کوردستاندا بووە.