ئاب 10, 2018 15:20 Asia/Tehran
  • تیمی باسکەی سێ کەسیی ژنانی ئێران گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی ڕۆژاوای ئاسیا

تیمی هەڵبژاردەی باسکەی ژنانی ئێران بە دەس خستنی دوو سەرکەوتن و شکستێک گەیشتە قۆناغی پێش کۆتایی ڕکابەرایەتیی باسکەی سێ کەسیی ڕۆژاوای ئاسیاو تیمی پیاوانی ئێرانیش لە یەکەم یاریی خۆیدا بەرامبەر بە تیمی ئێراق سەرکەوت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا؛ ئەو ڕکابەرایەتییانە کە لە ڕۆژی ڕابردووەوەو بە میواندارێتیی لوبنان دەست پێ بووە کە لە ئەنجام دا تیمی هەڵبژاردەی باسکەی ژنانی ئێران لە یەکەم یاری  خۆیدا لە گەڵ تیمی لوبنان سەرکەوت، بەڵام لە یاری لەگەڵ تیمی هەڵبژاردەی سووریا دۆڕاندی. تیمی باسکەی سێ کەسیی ژنانی ئێران لە دیداریدا لەگەڵ ئێراق بە بردنەوە و قەرەبوو کردنی شکستەکەی پێشووی چووە قۆناغی پێش کۆتایی ئەو ڕکابەرایەتییە.

تیمی باسکەی سێ کەسیی ژنانی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە قۆناغی پێش کۆتایی دا دیسان لەگەڵ لوبنان دەچێتە مەیدانەوە و هەرکام لەو تیمانە کە بیبەنەوە ئیزنی بەشداری لە ڕکابەرایەتیی پاڵەوانەتیی ئاسیا بە دەست دێنن.

تیمی باسکەی سێ کەسیی پیاوانی ئێرانیش لە یەکەم دیداریدا ، بە ئەنجامی ١٧ بە ١١ لە ئێراقی بردەوە کە بێتوو لە یاریی لەگەڵ تیمی لوبنانیش سەرکەوتوو بێ، دەبێتە تیمی یەکەمی خشتەی گرووپەکەی خۆی و بۆ چوونە قۆناغی فیناڵ جارێکی تر دەبێ بەرامبەر بە ئێراق بچێتە مەیدانەوە.

ڕکابەرایەتیی باسکەی سێ کەسیی ڕۆژاوای ئاسیا ئەمڕۆ ١٠ی ئاگوست کۆتایی دێت.