ئه‌یلوول 08, 2018 10:57 Asia/Tehran
  • دۆخی خوێنەواری لە هەرێمی کوردستانی عێراق هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەواری

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گەشە و پیشکەوتی هەر کۆمەڵگایێک ڕادەی خوێندەواری خەڵکەکەیەتی، ئاشکرایە بەرەنگاربوونەوەی نەخوێندەواری نەک تەنیا لەباری فەرهەنگییەوە گرینگایەتی هەیە بەڵکوو لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیش بایەخێکی زۆری هەیە.

 ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەواری

ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و فەرهەنگیی ڕێکخراوی نەتەوەکان (یۆنسکۆ) خوێندەواری بەم چەشنە مانا دەکاتەوە: "خوێندەواری توانای ناسین، تێگەیشتن، ڕاڤە کردن و لێکدانەوەی چاپەمەنییەکان و نووسراوە جۆربەجۆرەکانە." بەم پێیە دەبێ بڵێین پێوەر و پێودانگەکانی خوێندەواری لە سەدەی بیست و یەکیش لە وڵاتانی ڕوو لە گەشە بەرە بەرە گۆڕانی بەسەردا دێت و ئەمڕۆکە خوێندەواری تەنیا بەوە بەرتەسک نابێتەوە ئەگەرچی لەم وتارەدا زیاتر پەنجە خراوەتە سەر لایەنێک کە یۆپنسکۆ سەبارەت بە خوێندەواری دیاری کردووە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسى ڕاگەیاندنى یەکێتى مامۆستایانى  هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت، ٥٩٦ قوتابخانە مەترسى ڕووخانیان لەسەرە کە ٢٥٠ هەزار خوێندکار تیایاندا دەخوێنن.

ئەحمەد کەرکوکی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی، دوو هەزار قوتابخانە لە هەرێم دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، ٣٠٠ قوتابخانەش سێ دەوامیان تێدا دەکرێت.

ئەوەشى ڕوونکردەوە، ٥٩٦ قوتابخانە کە ٢٥٠ هەزار قوتابى و خوێندکار تیایاندا دەخوێنن مەترسى ڕووخانیان لەسەرە، هەروەک ١٦١ قوتابخانە لە کابینەدان، لە ٢٥%ی قوتابخانەکانیش لە هەرێم ئاوى خواردنەوەیان نییە.

 ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی نەخوێندەواری

وتیشی، وەزارەتى پەروەردە لە هەرێم هەر لەسەرەتاوە لە وەزیرەوە بۆ کارگوزارى قوتابخانەیەک لەسەر بنەماى حزبى دامەزراوە، هەر لەبەر ئەوەیە ساڵانە نزیکەى ١٠ هەزار قوتابى و خوێندکار واز لە خوێندن دەهێنن.ڕاشیگەیاند “ساڵ نییە شکۆى مامۆستا نەشکێنرێت، لە خۆپیشاندانەکاندا بەرشەق دەدرێن، لە وڵاتان مامۆستا پارێزبەندییان هەیە و لە ئاستى وەزیراندان و بودجەیەکى باش بۆ وەزارەتى پەروەردە تەرخان دەکرێت، بەڵام لە هەرێم تەنها لە %٥ ى بودجە بۆ پەروەردە دانراوە“.

سەبارەت بە بارودۆخى خوێندنیش لە هەرێم بەرپرسى ڕاگەیاندنى یەکێتى مامۆستایان ئاماژەى بەوەکرد، لە هەرێم حەوت هەزار قوتابخانە هەیە بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکانیان لەسەر تەزکیەى حزبى دانراون، لە ٥٠%یان تاقیگەیان نییە.

کەرکوکى ئەوەشى خستەڕوو، ساڵى ٢٠١٥ کۆنفڕانسى پەروەردەیى لە هەرێم بەسترا، ٢٠٠ ملیۆن دینار خەرجییەکەى بوو، ١٠٠ ڕاسپاردەى بۆ پرۆسەى پەروەردە و فێرکردن لە هەرێم هەبوو تا ئێستا یەک ڕاسپاردەى لێ جێبەجێ نەکراوە.

ئەو بەرپرسەى یەکێتى مامۆستایان، وتیشى”پەروەردە پێویستى بە ١٢٠٠ ناونیشانى کتێب هەیە، تا ئێستا پەروەردە لەو ڕووەوە پلانى نییە، لە ڕابردوودا پرۆگرامەکانى خوێندنیان لە لوبنان لە چاپخانەیەک بە ٢٠ ملیۆن دۆلار چاپکردووە دواتر هەمان چاپخانە ئامادە بووە بە ١٠ ملیۆن دۆلار ئەو کارەبکات، پرۆگرامى قۆناغى بنەڕەتى زۆر قورسە، کێشى کتێبەکان لەگەڵ کێشى قوتابییەکە وەک یەکە.

ئەوەشی وت “لە هەرێم نە پەروەردەمان هەیە نە خوێندن، قوتابى بۆ بڕوانامە دەخوێنێت و دواتریش دانامەزرێت“.ڕاشیگەیاند “هیچ شتێک لە ئارادا نییە سەبارەت بەزیادکردنى کاتى دەوامى مامۆستایان و ئەوانیش وەک یەکێتى مامۆستایان هەر هەوڵێکى لەو جۆرە ڕەتدەکەنەوە ئەگەر پاشەکەوتى نایاسایى سەر موچە هەڵنەگیرێت“.

وتیشى “ئاگادارى وەزارەتى پەروەردە دەکەین بە زیادکردنى دەوامى مامۆستایان ڕازى نابین و ئەگەریش هەیە خۆپیشاندان و بایکۆت دەست پێبکاتەوە ئەگەر پاشەکەوت لانەبرێت.”

سەرپەیڤ