تشرینی یه‌که‌م 01, 2018 17:02 Asia/Tehran
  • ئەو شێرە ژنە کوردەی وا هێمای خۆڕاگری ئافرەتانی سنوورنشینی ئێرانە

فەرەنگیس حەیدەرپوور، شێرەژنی خەڵکی گێلانی غەربی سەر بە پارێزگای کرماشانە و لە سەردەمی شەڕی داسەپاوی ڕژێمی بەعس بەسەر ئێراندا، بەرەوڕووی دوو سەربازی بەعسی ئێراقی دەبێتەوە و بە تەوەرێک کە یادگاری باوکیەتی، لەگەڵیان تێکهەڵدەچێت و یەکێکیان دەکوژێت و ئەوی دیکەشیان یەخسیر دەکات.

فەرەنگیس حەیدەرپوور، شێرەژنی کورد

پیاوان و ئافرەتانی کرماشانی لە ماوەی شەڕی داسەپاوی ڕژێمی بەعس بەسەر ئێراندا و لەو سەردەمە دژوارەدا، لەو پەڕی ئازایەتی و بوێریدا جووڵانەوە و هەتاهەتایە ناویان لە دڵ و گیانی خەڵکی ئەم سەرزەوییەدا دەمێنێتەوە چوونکە ڕۆڵێکی کارئامەیان گێڕاوە لە پێناو بەرگری لە خاکی ئێرانی ئیسلامی بەڵام گرینگتر لەوە، کردەوەی ئەو ژنە نەبەزانەیە وا شان بە شانی پیاوانی بەغیرەتی ئەو دەڤەرە، لەبەرامبەر هێرش و پەلاماری دڕندانەی دوژمناندا، خۆڕاگرییان کرد و نەیانهێشت بستێکی ئەم خاکە بکەوێتە ژێر دەستی داگیرکەرانی وڵات.

کتێبی فەرەنگیس

فەرەنگیس حەیدەرپوور، لەدایکبووی ساڵی 1341ی هەتاوی لە گوندی "گورسفید" ی سەربە شارستانی گێلانی غەربە، ئەو شێرەژنە دەڵێ لە ساڵی 1359ی هەتاوی و لە پاش پەلامارەکەی ڕژێمی بەعسی ئێراق بۆ سەر گوندەکەمان، خەڵکی ئاوایی بەرەو هەڵدێر و دەشتەکانی دەوروبەر هەڵاتن و من لەو کاتەدا تەمەنم 18 ساڵان بوو و لە کاتی شەودا لەگەڵ براکەم و بابم بۆ هێنانی خواردن گەڕاینەوە بۆ ئاوایی کە لە میانەی ڕێگا بابم و براکەم لە پاش تێکهەڵچوون لەگەڵ بەعسییەکان، شەهید بوون و منیش لە دوای بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دوو سەربازی بەعسی بە بێ هیچ چەکێک و تەنیا بەو تەوەرەی وا یادگاری بابم بوو لەگەڵیان بەشەڕ هاتم کە ئەنجام یەکێکیانم هەر لەوێ کوشت و و ئەوی تریشیانم بە هەموو کەرەستە سەربازییەکانیەوە، یەخسیر کرد و ڕادەستی بنکەی سەرکردایەتیی ئەرتەشی ئێرانم کرد.

بیرەوەرییەکانی ئەم شێرە ژنە، لەلایان خاتوو مەهناز فتاحی لە ماوەی سێ ساڵدا کۆ کراوەتەوە و لە کتێبێکدا لە ژێرناوی فەرەنگیس لە چاپ دراوە.

خاتوو مەهناز فتاحی و فەرەنگیس حەیدەرپوور

لە کتێبی فەرەنگیسدا، بەجوانی ئاماژە کراوەتە گیان بەختکەری و دلێرییەکانی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا کە ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەرەنجی زۆری بەم کتێبە داوە و بابەتێکیشی لەسەر نووسیوە.

لە بابەتەکەی ئەو بەڕێزەدا نووسراوە: "بەشێکی نەوتراو و پڕبایەخی ڕووداوەکانی سەردەمی بەرگریی پیرۆز بە هۆی ژیاننامەی ئەم ئافرەتە بوێر و گیان بەختکەرەوە لەم کتێبەدا دەبینرێت. خاتوو فەرەنگیسی دلێر هەر بە هەمان ورەی بەرز و بە زمانی ڕاستگۆیانە و خۆمانەی گوندنشینەکان و بە هەستی پڕسۆزی ئافرەتێک قسەی لەگەڵ کردووین و ناوچەیێکی نەناسراو و گرینگی جوگرافیای شەڕی داسەپاوی بە هەموو وردەکارییەکانیەوە پێی ناساندووین."

ڕۆژی ڕابردوو و لە پاش بەڕێوە چوونی حەوتەمین ڕێوڕەسمی ڕێزنان لە وێژە و ئەدەبی جیهاد و خۆڕاگری کە لەودا پەراوێز نووسییەکەی ئایەتوڵڵا خامنەیی لەسەر کتێبی فەرەنگیس بڵاو کرایەوە، خاتوو فەرەنگیس حەیدەر پوور، پاڵەوان و کەسایەتی کتێبەکە و خاتوو مەهناز فتاحی نووسری ئەو کتێبە چاویان کەوتە رێبەری ئینقلاب.

کتێبی فەرەنگیس تاکوو ئێستا بۆ پێنج جار لە چاپ دراوەتەوە و وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی ئینگلیزی و ئۆردوویش و بڕیارە بەم زووانەش بکرێتە کوردی.

 

سەرپەیڤ