ڕۆژی جیهانیی منداڵان پیرۆز بێ
16ی ڕەزبەر ڕێککەوتە لەگەڵ 8ی ئۆکتۆبەر و ڕۆژی جیهانیی زارۆک. ڕۆژێک کە لەودا باوکان، دایکان و مامۆستایان و هەموو لێپرسراوانی هاوپەیوەند بە پرسی منداڵان هەلی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێ تا سەبارەت بە منداڵ و دونیای جوانی ئەو زیاتر تێفکرن و ئاسۆیێکی گەشتریان بۆ بنەخشێنن.
لە دونیای ئێستاکەدا، پرسی زارۆک و بارهێنانی درووستی، لە سەرەکیترین بابەتە کۆمەڵایەتییەکانە و یەکێکە لە بنەماکانی بەختەوەری مرۆڤ! بەڵام ئایینی پیرۆزی ئیسلام، لە چواردە سەدە لەمەو پێش و لە ڕۆژگارێک کە مرۆڤ دەستەویەخەی نەفامی و نەزانی بووە، سەرەنجێکی زۆری داوەتە ئەم بابەتە کە نموونەی زەقی لە ئاکار و هەڵسوکەوتی پێغەمبەری نازداری ئیسلام لەگەڵ منداڵاندا دەبینرێ!
بنیادەم تینووی خۆشەویستی و سۆزە، ئەم تینوویەتییە لە منداڵان بە هۆی پێویستیی زیاتریان بە دایک و بابیان، زەقتر و زیاتریشە. سەرەنجدان بە لایەنی سۆزدارانە و هەستی منداڵان زۆر گرینگە و ئەم گرینگایەتییەش لە هەڵسوکەوت و ئاکاری پێشەوایانی ئایینیماندا بە جوانی دەبیندرێت!
پێغەمبەری خۆشەویستیشمان فەرموویەتی: " منداڵانتان خۆش بوێت و خۆشەویستیتان بەرامبەر بە منداڵەکانتان بنوێنن و هەر کاتیش وەعد و بەڵێنێکتان پێ دان، بەجێی بێنن، چوونکە ئەوان، ئێوە بە ڕۆزیدەری خۆیان دەزانن"!
ئیمام سادق (د.خ) فەرموویەتی: " خودا، بەندەی خۆی بە پێی ئەو خۆشەویستییەی وا لە ئاست منداڵەکانی هەیەتی، دەخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی!"سەرچەشن و نموونە دانان بۆ منداڵان، یەکێکە لە باشترین شێوازە کاریگەرەکانی پەروەردە و بارهێنانی منداڵ. لە ڕوانگەی منداڵەوە، مامۆستا و ڕاهێنەر، نموونەیێکی شیاوە کە دەبێ پەیڕەوی بێت.
بەم پێیە، دایک و باوکان کە یەکەم مامۆستا و ڕاهێنەری منداڵن، بەرپرسایەتییەکی قورسیان لە ئەستۆدایە، بەرپرسایەتییەک کە دەبێتە هۆی گەشە و شکۆفانەوەی ئاکاری چاک لە خۆیان و لە منداڵەکانیاندا.
لە پێشەکی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵاندا نووسراوە کە (منداڵ دەبێ لە کەشێکی تەژی لە خۆشبەختی و سۆز و لێک حاڵی بوون پێ بگات!)
بەم دروشمە و بەو بایەخەی وا ئێمەی کورد بۆ ماڵ و منداڵمانی دادەنێین، گرینگایەتیی ئەم ئەندامەی خێزانەکەمان بە جوانی دەردەکەوێ و دەبێ سەرەنجێکی تایبەتیشی پێ بدەین، ئەندامێک کە ئەگەرچی ئەمڕۆ منداڵە، بەڵام دوایی گەورە دەبێت و خۆی دەبێتە لێپرسراوی پەروەردە کردن و بارهێنانی نەوە و جیلێکی نوێ!
ئەلبۆمی وێنەی منداڵانی هەندێک لە بینەرانی کەناڵی ئاسمانی سەحەری کوردی:
بە هیوای ژیانێکی شاد و تەژی لە بەختەوەری بۆ هەموو زارۆکانی جیهان