تشرینی یه‌که‌م 11, 2018 16:50 Asia/Tehran
  • ئێران شەشەمین ڕۆژ لە یارییەکانی پارائاسیایی ٢٠١٨ ی بە بردنەوەی دوو میدالیای زێڕ دەست پێ کرد

کاروانی وەرزشیی ئێران لە دەستپێکی شەشەمین ڕۆژی یاریەکانی پارائاسیایی ٢٠١٨ی جاکارتا دوو میدالیای زێڕی دەست خست.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)، تیمی میکس ڕیکرۆی ئێران ڕۆژی پێنج شەممە بە پێکھاتەی غوڵامڕەزا ڕەحیمی و زەھرا نیعمەتی لە یاریی کۆتایی کێبەرکێکانی تیرھاویشتن بە کەوان بەرەوڕووی تیمی ژاپۆن بووەوەو بە دەرەنجامی ٦ بە سیفر یارییەکەی بردەوەو ناسناوی پاڵەوانەتیی بەدەست ھێنا و چینیش بە سەرکەوتن لە بەرامبەر کۆریای باشووری بوو بە خاوەنی میدالیای برۆنز.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، لە بواری ڕاکردنی مەیدانی و لە بڕگەی ڕاکردنی چوارسەد مەتریی کلاس T13 ئومێد زەریف سەنایع  وەک نوێنەری ئێران بە تۆمار کردنی زەمەنێکی ٥١ چرکە پۆیینت ٤٠٧  وەپێش تەواوی ڕاکەرانی دیکە کەوت و میدالیای زێڕی بردەوە.

کاروانە وەرزشیەکەی ئێران ھەتاکو ئێستا لە سێیەمین خولی یارییەکانی پارا ئاسیایی 2018 ی جاکارتا وێڕای بردنەوەی ٣٣ میدالیای زێڕ، ٢٤ زیو و ٢٩ میدالیای برۆنز و بە تێکڕایی ٨٦ میدالیا پلەی سێھەمی لە خشتەی ڕیزبەندییەکاندا دەست کەوتووە.

سێیەمین خولی یارییەکانی پارا ئاسیایی 2018 لە شەش هەتا سێزدەی ئوکتوبەر  بە ئامادەبوونی دوو هەزار و 880 وەرزشڤان لە 41 وڵات  لە هەژدە لقی وەرزیشی بە میواندارەتی جاکارتای پێتەختی ئەندونیزییا خەریکە بەڕێوە دەچێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بە 209 وەرزشڤان و لە سێزدە  لقی وەرزیشی  لە سێیەمین خولی یارییەکانی پارا ئاسیایی 2018ی جاکارتا  ئامادە بووە.