کانونی دوھەم 14, 2019 12:57 Asia/Tehran
  • مێهرەجانی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی لە مەهاباد بەڕێوەچوو

یەکەمین مێهرەجانی ناوچەیی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی لە ژێر ناوی "هەوارگەی موکوریان" بۆ یادی مامۆستا "ڕەسووڵ نادری"، شەوی ڕابردوو لە تەلاری وەحدەتی مەهاباد بەڕێوەچوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، شۆڕش مەعرووفی بەڕێوەبەری کاروباری ئەو مێهرەجانە وتی: ئەم مێهرەجانە لە سێ بەشی "بەیت و حەیران"، مۆسیقای فۆلکلۆر" و "ئامێری فۆلکلۆر" پێک هاتبوو کە لە بەشی یەکەمدا هونەرمەندانی وەک مام خدر قادری (خلە دەرزی)، ما ڕەسووڵ قارەمانی، مام ڕەسووڵ ڕەحمانی، قادر غەریب، عەزیز عەلی سوور، دەروێش ڕەحمان، عەبدوڵڵا و بایز بەختوو و سەڵاح خزری بەرهەمەکانی خۆیان ئاراستە کرد.

شۆڕش مەعرووفی بە ئاماژە بەوەی کە مام ڕەسووڵ ڕەحمانی بە ٩٦ ساڵ تەمەنەوە بە چەند زمانی کوردی، ئەرمەنی، عێبری و ... حەیران و فۆکلۆر دەخوێنێت، وتیشی: لە بەشی ئاواز و مۆسیقای فۆلکلۆر، ئامادەبووان گوێبیستی بەرهەمە ناوازەکانی هونەرمەندان ئیبراهیم قادری، عەلی گڵێنانی، سەید ئیبراهیم سەقزی، محەمەد خەلیفانی، محەمەد ناهید و ڕەحیم سەردەشتی بوون.

مامۆستا ڕەسووڵ نادری کە رۆژی ٢٦ی خەرمانانی ئەمساڵی هەتاوی لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد، یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی بواری فۆلکلۆری کوردی کە بەرهەمێکی زۆری لە بواری "حەیران"، "لاوەک"، "بەستە و گۆرانی" تۆمار کردووە و بە گێڕانەوەی قسەی خۆش و نەقڵ و نەزیرەی کوردەواری، کۆمەڵێک بەرهەمی بە نرخی لە دوای خۆی بە جێهێشتووە و خزمەتێکی گەورەی بە ئەدەبی کوردیی کردووە.