ئاب 13, 2019 11:33 Asia/Tehran
  • بێهرووز بووچانی خەڵاتی نیشتمانیی بایۆگرافیی ئۆسترالیای بردەوە

کتێبی "نیە هاوڕێیەک جگە لە چیاکان" لە نووسینی بێهرووز بووچانی نووسەری کوردی ئێرانی، خەڵاتی نیشتمانیی بایۆگرافیی ئۆسترالیاشی بردەوە.

بە گوێرەی  ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە گێڕانەوە لە گاردیەن، بێهرووز بووچانی نووسەری کوردی ئێرانی کە لە بازگەی پەنابەرانی ئۆسترالیا لە دوورگەی مانووسدا دەژی، بۆ نووسینی کتێبی "نیە هاوڕێیەک جگە لە چیاکان"، خەڵاتێکی گرینگی دیکەی ئەدەبیی لە ژێر ناوی خەڵاتی نیشتمانی بایۆگرافی ئۆسترالیا بە بایەخی ٢٥ هەزار دۆلاری پێبەخشرا.

بە وتەی داوەرانی ئەو خەڵاتە کتێبەکەی بووچانی، "چیرۆکێکی پڕ بایەخ و قووڵ و سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە نووسین رێگەیەکی بە هێزە لە بواری بەرخۆداندا".

ئەو نووسەرە کوردە لە پەیامێکدا بە بۆنەی بردنەوەی خەڵاتی نیشتمانیی بایۆگرافی ئۆسترالیا کە لە رێگەی وات‌ساپەوە ئاراستەی ڕێوڕەسمی خەڵاتەکەی کردووە، دەڵێت: "نامەوێ باسی ئەدەب بکەم؛ تەنیا پێم خۆشە بڵێم کۆمەڵگای ئەدەب وەک بەشی شارستانیی ئۆسترالیا، بەشێکە لە بەرەی پێشەوەی بەرخۆدان لەو سیستەمدا و لام وایە ئەوە ڕووداوێکی زۆر گرینگە".

بووچانی لە درێژەدا وێرای دەربڕینی سپاس و پێزانینی بۆ بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە و یەکەم وەرگێرەرانی کتێبەکەی و هەروەها هەموو ئەوانەی "نیە هاوڕێیەک جگە لە چیاکان"یان بینیوە، دەشڵێت: "لام وایە مێژوو ئەم بەرە و هەموومان لەم دۆخە سەخڵەت و تاریکەی ئۆسترالیادا داوەری دەکات".

شایانی باسە، پێشتریش بووچانی بۆ ئەو کتێبە خەڵاتی "ڤیکتۆریەن پریمییەر" وەک گرینگترین خەڵاتی ئەدەبی ئۆسترالیا و خەڵاتی نیۆسات ڤیلز پریمییەر بە نۆرە بە بایەخی ١٢٥ و ١٠ هەزار دۆلاری بردۆتەوە و هەروەها براوەی خەڵاتی کتێبی دایکۆمێنتی ساڵی ئۆسترالیا بووە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ناوبراو شانسی بەشداربوون لە هیچکام لەو ڕێوڕەسمانەی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی نەبووە، چونکە ئەوە بۆ شەش ساڵ دەچێت دەوڵەتی ئۆسترالیا ئەوی وەک پەنابەری نایاسایی زیندانی کردووە.

"نیە هاوڕێیەک جگە لە چیاکان" چیرۆکی سەفەری خود نووسەرەکەی بۆ ئۆسترالیا و دەستگیرکران و خۆبواردنی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لە پێدانی مۆڵەتی چوون بۆ خاکی ئۆسترالیایە. ئەو چیرۆکە لە وات‌ساپدا نووسراوە و پاشان لە لایەن "ئومێد تەوفیقیان" و "موونس مەنسووبی"یەوە کراوەتە ئینگلیزی.

وەرگێرانە کوردیی ئەم کتێبە لە لایەن "دوکتۆر هاشم ئەحمەد زادە"وە ئامادە کراوە و هەروەها وەرگێرانی فارسییەکەی بە زوویی لە لایەن بڵاوکەرەوەی "چشمە" لە تاران ئاراستە دەکرێت.